گیانسپاردنی کچێکی 21 ساڵ دوای نەشتەرگەری لە هەولێر، کێشەیەکی گەورەی لە نێوان وەزارەتی تەندروستی و سەندیکای پزیشکان دروست کردووە و هەر لایەنیان قسەیەک دەکەن.

 

ئه‌مڕۆ لقی هەولێری سەندیکای پزیشکانی كوردستان ڕاگه‌یه‌ندراوێكی دژ به‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی پێشووی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی لەسەر ڕووداوەکە بڵاو کردەوە و هه‌ر دوو لا دوو قسه‌ی جیاواز و پێچه‌وانه‌ له‌سه‌ر ڕووداوی گیانسپاردنی کچێکی 21 ساڵ له‌ هۆڵی نه‌شته‌رگه‌ری ده‌كه‌ن.

 

وەزارەتی تەندروستی له‌ 2ی ئه‌یلوولی 2026 ڕایگەیاند، ئەو پزیشکەی نەشتەرگەرییەکەی ئەنجام داوە، هیچ ڕێگەپێدانێکی کارکردنی لەو نەخۆشخانەیە نەبووە. بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی وەزارەت، هۆڵەکانی ئەو نەخۆشخانەیە دوو مانگ پێش ئێستا داخرابوون، بەڵام پزیشکەکان بە دەرگای نافەرمی چوونەتە ژوورەوە.

 

لەلایەکی ترەوە، ئه‌مڕۆ 5ـی ئه‌یلوولی 2026 لقی هەولێری سەندیکای پزیشکانی كوردستان له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكی فه‌رمیدا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، كه‌ ئەو پزیشکە هەڵگری بەرزترین بڕوانامەی پسپۆڕییە و مۆڵەتی فەرمیی کارکردنی هەبووە. به‌پێی سه‌ندیكا، بەشی چاودێریی چڕی نەخۆشخانەکە لە ژێر نۆژەنکردنەوەدا بووە و داوای لێکۆڵینەوەی ورد دەکات.

 

ئه‌م کێشەیە دوای ئەوە دێت کە له 2ـی ئه‌یلوولی 2026، ‌ کچێکی گەنجی ته‌مه‌ن 21 ساڵ بە ناوی سارا ته‌حسین لە کاتی ئەنجامدانی نەشتەرگەری لە یەکێک لە نەخۆشخانە تایبەتەکانی هەولێر گیانی لەدەست دا و ڕووداوه‌كه‌ كاردانه‌وه‌ی فراوانی له‌سه‌ر ئاستی نێوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تی به‌دوای خۆیدا هێنا.