دوای ئەوەی کچە 21 ساڵانەکە گیانی لەدەستدا، وەزیری تەندروستی بڕیاریدا سەرجەم ئەو پزیشک، کارمەند و فەرمانبەرانی بەشداربوون لە نەشتەرگەرییەکە بدرێنە دادگا.

دوێنێ کچێکی تەمەن 21 ساڵان بەناوی 'سارا تەحسین'، دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەری لە نەخۆشخانەی 'ڕەسوڵی تایبەت' لە هەولێر، گیانی لەدەستدا.

ئەمڕۆ د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەبارەی ڕووداوەکەوە خەمباریی خۆی و وەزارەتەکەی دەربڕی و ڕایگەیاند، ڕێگە نادەن مافی خانەوادەی سارا تەحسین بفەوتێت و تیمەکانی وەزارەت دەستبەجێ ڕەوانەی شوێنی ڕووداوەکە کراون.

وەزیری تەندروستی ئاشکرای کرد، چەند مانگێک لەمەوبەر بە نووسراوی فەرمی و ڕاپۆرت نەخۆشخانەکەیان ئاگادار کردبوویەوە کە هۆڵی نەشتەرگەرییەکەیان شیاو نییە و قوفڵی حکومەتییان لێدابوو، بەڵام لە دەرگای پشتەوە پزیشکێکی تۆمارنەکراویان لە شارێکی دیکەوە هێناوە بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکە.

د. سامان بەرزنجی باسی لەوە کرد، بەهۆی نەبوونی بەشی چاودێریی چڕ و سەرپێچیکردنی ڕێنماییەکان، نەخۆشخانەکە بەتەواوەتی دادەخرێت، پزیشکە بەشداربووەکان لەکار ڕادەگیرێن و دۆسیەکە سپێردراوەتە دادگا بۆ وەرگرتنی ڕێکاری یاسایی.

لە کۆتایی دا وەزیری تەندروستی خەختی لەوە کردەوە، ئەوان بڕیاریان داوە بە داخرانی تەواوەتی نەخۆشخانەکە و ڕەوانەکردنی بەڕێوەبەر، پێنج پزیشک و کارمەندانی بەشداربوو بۆ دادگا.