لە هێرشێکی چەکداریی بۆ سەر خاڵێکی ئەمنیی سەر بە هێزەکانی حەشدی شەعبی لە سنووری پارێزگای کەرکووک، کوژراو و بریندار هەیە.
ئەمڕۆ حەشدی شەعبی بڵاویکردەوە، لە ئەنجامی هێرشێکی تیرۆریستی بۆ سەر خاڵێکی پاسەوانیی لیوای 16 لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی دیجلە، چەکدارێکیان بە ناوی عەلی بەهجەت حامید گیانی لەدەستداوە، هێرشەکە کاتژمێر 2ی بەرەبەیان کراوەتە سەر بنکەیەکی ئەو هێزە لە شارەدێی پردێ لە باکووری ڕۆژئاوای پارێزگای کەرکووک.
لە ڕاگەیەندراوەکەی حەشدی شەعبیدا هاتووە، لە هەمان هێرشدا چەکدارێکی دیکە بە ناوی جونەید عیسمەت بەهجەت بریندار بووە و دەستبەجێ گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی، دوای ڕووداوەکە، لایەنە پەیوەندیدارەکان و هێزە ئەمنییەکان ڕێوشوێنی پێویستیان گرتووەتەبەر و لێکۆڵینەوەیەکی وردیان بۆ ئاشکراکردنی ناسنامەی هێرشبەرەکان و هۆکاری ڕووداوەکە دەستپێکردووە، هێزە سەربازییەکان ناوچەکەیان گەمارۆ داوە.
لیوای 16ی حەشدی شەعبی یەکێکە لەو هێزانەی لە دوای ساڵی 2017 لە چوارچێوەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی باکووردا ئەرکی پاراستنی ئەمنییەتی بەشێک لە ناوچەکانی کەرکووک و دەوروبەری پێسپێردراوە، بەپێی زانیارییە فەرمییەکانی حکومەت، هێشتا مەترسیی هێرشی چەکداری لەو ناوچانەدا بە تەواوی کۆتایی نەهاتووە.