کارەساتی نوقمبوونی کەشتیی تایتانیک لە ساڵی 1912 یەکێکە لە گەورەترین و کاریگەرترین ڕووداوە دەریاییەکانی مێژووی مرۆڤایەتی، ئەم ڕووداوە نەک تەنها بووە هۆی لەدەستدانی زیاتر لە 1500 ژیان، بەڵکو گۆڕانکاری بنەڕەتی لە یاساکانی سەلامەتی دەریاوانیدا دروست کرد.
لە ڕۆژێکی وەکو ئەمڕۆدا و دوای تێپەڕبوونی 114 ساڵ بەسەر کارەساتی نوقمبوونی تایتانیک و 41 ساڵ بەسەر دۆزینەوەی پاشماوەکەیدا، جارێکی تر سەرنجی لێکۆڵەرانی بۆ لایەنی مرۆیی و تەکنیکی ڕووداوەکە ڕاکێشاوەتەوە.
کەشتیی گەشتیاریی تایتانیک لە 10ی نیسانی 1912 لە بەندەری ساوتھامپتۆنی بەریتانیاوە بەرەو نیویۆرک بەڕێ کەوت، بەڵام لە شەوی 14ی نیساندا خۆی بە شاخەبەفرێکدا کێشا و بەرەبەیانی 15ی نیسان بە سەرجەم سەرنشینەکانییەوە نوقم بوو.
لە کۆی 2224 سەرنشین و کارمەند، تەنها نزیکەی 700 کەس ڕزگاریان بوو، هۆکاری سەرەکییش بۆ ئەم ڕێژە زۆرەی قوربانییان کەمبوونی بەلەمەکانی فریاکەوتن و تێنەگەیشتنی تەواوی گەشتیاران بوو لە مەترسییەکە، پاشماوەی کەشتییەکە بۆ ماوەی 73 ساڵ لە بن دەریادا بە نادیاری مایەوە، تا دواجار لە 1ی ئەیلوولی 1985 لە قوڵایی 3800 مەتری دەریای ئەتڵەسی باکوور لەلایەن تیمێکی ئەمریکی بە سەرپەرشتی ڕۆبێرت بالارد دۆزرایەوە.
ئەم کارەساتە دڵتەزێنە بووە هۆی شۆڕشێکی یاسایی لە جیهاندا، بە شێوەیەک لە ساڵی 1914 ڕێککەوتنی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی گیانی مرۆڤ لە دەریا بە ناوی SOLAS بەسترا، بەپێی ئەم ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییە، سەرجەم کەشتییەکان پابەند کران بە دابینکردنی بەلەمی ڕزگارکردن بەپێی ژمارەی تەواوی سەرنشینەکانیان، ئەمەش ژیانی هەزاران مرۆڤی لە کارەساتە دەریاییەکانی دواتردا پاراست.
مێژووی تایتانیک بەهۆی قەبارە گەورەکەی و ئەو فیلمانەی لەسەری بەرهەم هێنراون، بە تایبەتی فیلمی سینەمایی (تایتانیک) لە ساڵی 1997 بە دەرهێنانی جەیمس کامەرۆن، وەک یەکێک لە بەناوبانگترین چیرۆکەکانی مێژوو بە زیندوویی ماوەتەوە.