ڕووسیا خۆی بۆ هێرشێکی زەمینی بۆ سەر پایتەختی ئۆکراینا ئامادە کردووە و هەڕەشەی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمیش دەکات.

ئەلێکسی ژوراڤلیۆڤ، سەرۆکی پارتی ڕۆدینای ڕووسیا ڕایگەیاندووە، پێویستە ڕووسیا چەکی ئەتۆمی لە دژی ئۆکراینا بەکاربهێنێت و بە زەبری هێز ناچاری بکات خۆی بەدەستەوە بدات، "ئێمە پێویستە هێرش بکەین تا دوژمن تێبگات کە دەبێت خۆی بەدەستەوە بدات."

پێشووتر هەندێک سەرچاوەی نزیک لە کۆشکی کریملن ئاشكرایان کردبوو، ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا پلانی پەرەسەندنی گرژی و ئاڵۆزیییەکانی دژی ئۆکراینا دادەڕێژێت، ئاماژە بە بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمیش دەکەن وەک دواین هەڵبژاردە بۆ ڕێگریکردن لە شکستهێنان لە جەنگەکە.

لە دوای بڵاوبوونەوەی ئەم دەنگۆیانە، جۆن ڕاتکلیف، بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا (CIA)  بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو لە 25ـی ئەم مانگە گەیشتە مۆسکۆ. سەرچاوەکانی ئاکسیۆس ئاماژە بەوە دەکەن کە ڕاتکلیف هەوڵی داوە پوتین لە پەرەسەندنی گرژییەکان پەشیمان بکاتەوە و ڕازی بکات بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ.

لەلایەکی دیکەوە، نیو یۆرک تایمز لە ڕاپۆرتێکدا ئاشكرا کردووە، جۆن ڕاتکلیف لە سەردانەکەیدا بۆ مۆسکۆ خەملاندنی بۆ دۆخی ئێستای سەربازی و ئابووری ڕووسیا کردووە و داوای ڕێککەوتنێکی کردەوە بەر لەوەی دۆخەکە لە دەست دەربچێت، دوای سەردانەکەشی، ڕووسیا موشەکێکی ئەتۆمی تاقیکردەوە، کە توانای هەیە بگاتە ئەمریکا.

دوێنێ لە پاش وەرگرتن و پشتڕاستکردنەوەی زانیارییە هەواڵگرییەکان، باڤلۆ پالیسا، جێگری سەرۆکی نووسینگەی سەرۆکایەتی ئۆکراینا رایگەیاند، زانیاریی هەواڵگرییان لەبەردەستە کە نیشانی دەدات ڕووسیا خەریکی ئامادەکارییە بۆ هێرشێکی نوێ زەمینی بۆ سەر هەردوو شاری کیێڤ و تشێرنیهێڤ.

پێشوووتر لە مانگی 2ـی ساڵی 2022 هێزەکانی ڕووسیا هەوڵی هێرشێکی زەمینییان لە بۆ سەر کیێڤ دا، بەڵام لەلایەن هێزەکانی ئۆکراینا بەرپەچدرانەوە و پاشەکشەیان پێ کرا.