ئەمریکا ڕەزامەندی لەسەر واژۆکردنی گرێبەستێکی بارزگانی سەربازی زەبەلاح لەگەڵ عێراق داوە، کە توانا ئاسمانییەکانی وڵاتەکە بەشێوەیەکی بەرچاو بەهێز دەکات.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، وەزارەتەکە ڕەزامەندی داوە بە فرۆشتنی کەلوپەلی سەربازی بە حکومەتی عێراق، لە دیارترینیشیان وەک، هێلیکۆپتەری جۆری BELL 412EPX و BELL 407Mـە، کە کۆمپانیای 'بێڵ تێکسترۆن' سەرپەرشتی پڕۆژەکە دەکات و جگە لە کەرەستەکان، مەشق و ڕاهێنانی درێژخایەن بە فڕۆکەوانانی عێراقی دەکات.
پاکێجە پێشنیازکراوەکە جگە لە هەردوو هێلیکۆپتەری جۆری Bell 412EPX و Bell 407M، هەر یەک لە چەکی ڕەشاشی سێ-لوولەیی GAU-19، سیستمەکانی مووشەک، هەستەوەرەکانی ئەلیکترۆنی-بینایی/ژێرخوێن (EO/IR)، سیستمەکانی دۆزینەوەی هەڵدانی مووشەک، ڕادیۆکان، پارچەی یەدەگ و کەلوپەلی پشتیوانیی زەمینی لەخۆدەگرێت، بەهاکەی سەرجەمیان بە 800 ملیۆن دۆلار دەخەملێندێن.
بەگوێرەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ئەم گرێبەستە بازرگانییە سەربازییە بەمەبەستی بەرزکردنەوەی توانای عێراقە بۆ وەڵامدانەوەی هەڕەشەکانی ئێستا و داهاتوو، بەتایبەتی لەڕێگەی باشترکردنی تواناکانی گواستنەوە بە هێلیکۆپتەر و چاودێری و هەواڵگری، ئامانجگرتنی ئاسمان و زەوی.
ئەمە لە کاتێکدایە، وابڕیارە لە 30-9-2026 هێزەکانی ئەمریکا بەتەواوی لە عێراق بکشێنەوە، بەڵام ئەمریکا بەردەوامە لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتەکە.