بەپێی بڕیارێکی نوێی ڕەگەزنامەی کەرکووک، دواخستنی مامەڵەی کارتی زانیاری دوای هاوسەرگیری سزای دارایی لێ دەکەوێتەوە.


بەڕێوەبەرایەتی ڕەگەزنامە، پاسپۆرت و نشینگەی کەرکووک لە نووسراوێکی فەرمیدا کە لە 20ی ئابی 2026 بە واژۆی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتییەکە دەرچووە، بڕیاری دا بە سەپاندنی سزای دارایی بەرامبەر دواخستنی دەرهێنانی بەڵگەنامە فەرمییەکان.

بەپێی نووسراوەکە، ڕێکار و سزاکان بەم شێوەیەی خوارەوە جێبەجێ دەکرێن:


دەرهێنانی کارتی زانیاری: هەر هاووڵاتییەک دوای تێپەڕبوونی 3 مانگ بەسەر هاوسەرگیریەکەیدا سەردانی نووسینگەکانی زانیاری نەکات بۆ دەرهێنانی کارتی زانیاری، بڕی 25 هەزار دینار سزا دەدرێت.

دەرهێنانی کارتی نیشتمانی: ئەگەر دەرهێنانی کارتی نیشتمانی بۆ منداڵی تازەلەدایکبوو لە 3 مانگ زیاتر دوا بکەوێت، باوکی منداڵەکە بە بڕی 25 هەزار دینار سزا دەدرێت.

لە نووسراوەکەدا هاتووە، بڕیارەکە پشت بە ماددەی 39 و چەند ماددەیەکی دیکەی یاسایی دەبەستێت، هەروەها سەرجەم بەش و نووسینگەکانی زانیاری لە پارێزگای کەرکووک ڕاسپێردراون بۆ ئەوەی بڕیارەکە بخەنە بواری جێبەجێکردنەوە.