ناوەندی توێژینەوە و هەماهەنگی دەزگای نیشتمانی تەندروستی چین National Health Commission بانگێشتی وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستانی بۆ کۆنفڕانس نێودەوڵەتی تەندروستی IMC کرد.

ئەمڕۆ وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لەسەر داوەتنامەی ناوەندی توێژینەوە و هەماهەنگی دەزگای نیشتمانی تەندروستی چین National Health Commission، د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشداری لە کۆنفڕانس و پێشانگای نێودەوڵەتی تەندروستی IMC بۆ بواری تەندروستی و پزیشکی کرد. لە ڕێوڕەسمەکەدا، کە بە ئامادەبوونی وەزیران و بەرپرسانی تەندروستی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی WHO بەڕێوە دەچێت، وەزیری تەندروستی بەشە جیاوازەکانی پێشانگاکەی بەسەر کردەوە.

ئامانجی بەسەرکردنەوەی وەزیری تەندروستی هەرێم بۆ لەنزیکەوە ئاگاداربوون لە ڕێکارە نوێیەکانی خزمەتگوزاری تەندروستی، دواهەمین پێشکەوتنەکانی سیستەمی نوێی ئامێر و پێداویستی پزیشکی، بەڕێوەبردنی تەندروستی دیجیتاڵی و بەکارهێنانی تەکنەلۆجیا و ژیری دەستکرد بووە.

کۆنفڕانس و پێشانگای IMC لە چین وەک یەکێک لە ناوەندە سەرەکییەکانی ئاڵوگۆڕی ئەزموونی پزیشکی دەسنیشان دەکرێت، کە ساڵانە دیارترین کوالێتی و داهێنانەکانی بواری پزیشکی جیهانی تێدا نمایش دەکرێت بۆ بەهێزکردنی هەماهەنگی نێوان وڵاتان.