ئیدارەی دۆناڵد ترامپ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی سعودیەی بە پەیوەستبوون بە ڕێککەوتنی ئیبراهیم و ئاساییکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل بەستووەتەوە.

 

ئەمڕۆ ئاژانسی ڕۆیتەرز و تەلەفزیۆنی ئەلحوڕە زانیارییەکانیان لەسەر پڕۆژەیاسای ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان واشنتن و ڕیاز بڵاو کردەوە و ئاشكرایان كرد كه‌ پڕۆژەی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی مەدەنی بۆ ماوەی 30 ساڵە و ڕەوانەی کۆنگرێسی ئەمریکا کراوە بۆ ئەوەی بڕیاری لەسەر بدرێت.

 

بەرپرسێکی ئەمریکی ڕایگەیاندووە کە هەڵوێستی ترامپ نەگۆڕە و ڕێککەوتنەکە بەبێ ڕەزامەندیی سعودیە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل ناچێتە پێشەوە، ده‌شڵێت: "کۆنگرێس 90 ڕۆژ مۆڵەتی لەبەر دەستە بۆ پیاچوونەوە بە ڕێککەوتنەکە و دەتوانێت تێبینی یان ناڕەزایەتیی خۆی تۆمار بکات."

 

به‌پێی زانیارییه‌كان، ئەم ڕێککەوتنە ڕێگە بە سعودیە دەدات پەرە بە بەرنامە ئەتۆمییە مەدەنییەکەی بدات و کارەبای لێ بەرهەم بهێنێت. ڕیاز پلانی هەیە تا ساڵی 2040 بڕی 17.6 گێگاوات کارەبا لە ڕێگەی وزەی ئەتۆمییەوە دابین بکات.

 

ئه‌مه‌ دوای ئه‌وه‌ دێت، كه‌ پرسی پیتاندنی یۆرانیۆم لە ناوخۆی سعودیە یەکێکە لەو خاڵانەی کە بووەتە جێی نیگەرانیی ئیسرائیل و بەشێک لە ئەندامانی کۆنگرێس، له‌ به‌رانبه‌ردا سعودیە جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەبێت دۆسیەی ئەتۆمی لە دۆسیەی سیاسی و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان جیا بکرێتەوە. ڕیاز ئاساییکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل بە دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستین دەبەستێتەوە.