تۆمەتباری سەرەکی لە داڕشتنی پلانی هێرشەکانی 11ی ئەیلوولی ئەمریکا، دوای زیاتر لە 20 ساڵ لە زیندانیکردن، لە ساڵی 2028 دادگایی دەکرێت.

 

ئەمڕۆ وتەبێژی دادگای سەربازی ئەمریکا لە گوانتانامۆ ڕایگەیاند، خالید شێخ محەممەد، تۆمەتباری سەرەکی لە داڕشتنی پلانی هێرشەکانی 11ـی ئەیلوولی ئەمریکا، دوای 25 ساڵ لە زیندانیکردن لە ڕێکەوتی 5ـی حوزەيرانی 2028 دادگاییکردنی بە فەرمی دەست پێدەکات، ئەم تۆمەتبارە لە ئێستادا لە بەندیخانەی گوانتانامۆ لە کوبا دەستبەسەرە و ڕێکارە یاسایییەکانی دادگاییکردنەکەی بە شێوەیەکی فەرمی دەستنیشان کراون.

 

محەممەد کە بە "KSM" ناسراوە، پێش ئەوەی لە پاکستان دەستگیر بکرێت، بە یەکێک لە لیوا باڵاکانی ئوسامە بن لادن، سەرۆکی ڕێکخراوی قاعیدە دادەنرا، ناوبراو بۆ ماوەی سێ ساڵ لە دامەزراوە نهێنییەکانی سی ئای ئەی زیندانی کرا، پێش ئەوەی لە ساڵی 2006 بگاتە بنکەی دەریایی ئەمریکا لە کەنداوی گوانتانامۆ.

 

هێرشەکانی 11ی ئەیلوولی 2001 یەکێک بوون لە گەورەترین هێرشە تیرۆریستییەکانی مێژووی نوێ، لەو ڕۆژەدا ئەندامانی ڕێکخراوی ئەلقاعیدە چوار فڕۆکەی مەدەنیییان داگیر کرد و دووانیان لە تاوەرەکانی وەرڵد ترەید سێنتەر لە نیویۆرک و یەکێکیانیان بە پێنتاگۆندا کێشا، ئەو هێرشانە بوونە هۆی کوژرانی نزیکەی 3 هەزار کەس و بوون بە دەستپێکی جەنگی ئەمریکا دژی تیرۆر لە ئەفغانستان و ناوچەکە.

 

خالید شێخ محەممەد بە پلاندانەری سەرەکی هێرشەکانی 11ـی ئەیلوولی 2001 دەناسرێت، لە 1ـی ئاداری 2003 لە شاری ڕاوەڵپیندیی پاکستان دەستگیر کرا، دەستگیرکردنەکە لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی دەزگا هەواڵگرییەکانی پاکستان و ئەمریکا ئەنجام درا، دواتر ڕادەستی دەسەڵاتدارانی ئەمریکا کرا و لە ساڵی 2006ەوە گوازرایەوە بۆ زیندانی گوانتانامۆ و تا ئێستاش لەوێدا زیندانییە.