وەزارەتی پەروەردەی کۆماری عەرەبیی سووریا بڕیاری فەرمیی بۆ جێگیرکردنی زمانی کوردی وەک زمانێکی نیشتمانی لە ناوەندەکانی خوێندنی ئەو وڵاتەدا دەرکرد.
ئەمڕۆ پێنجشەممە بەپێی بڕیاری ژمارە 2068-943 کە واژۆی دکتۆر محەممەد عەبدولڕەحمان تەرکۆ، وەزیری پەروەردەی سووریای لەسەرە، زمانی کوردی وەک زمانێکی نیشتمانی لە پڕۆگرامەکانی خوێندنی قوتابخانە حکومی و تایبەتەکاندا جێگیر کرا. ئەم بڕیارە نوێیە ئەو ناوچانە دەگرێتەوە کە هاووڵاتییانی کورد ڕێژەیەکی بەرچاو لە دانیشتووانەکەی پێک دەهێنن.
لە بەیاننامەی وەزارەتی پەروەردەدا هاتووە کە ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی پاراستنی مافە فەرهەنگی و زمانەوانییەکان و بەهێزکردنی فرەچەشنیی کولتووریی وەکو یەکێک لە بنەماکانی یەکپارچەییی نیشتمانی و ناسنامەی شارستانیی سووریا نراوە. بڕیارەکە ڕێگە دەدات زمانی کوردی لە سەرجەم قۆناغەکانی خوێندندا ببێتە بەشێکی جیانەکراوە لە پڕۆگرامی پەسەندکراوی وەزارەت.
بەپێی میلاکاتی نوێی خوێندن، وانەی زمانی کوردی بە تێکڕای 3 وانە لە هەفتەیەکدا دەخوێندرێت. هاوکات یەک وانەی دیکەی هەفتانە بۆ ئەنجامدانی چالاکییە زمانەوانی و فەرهەنگییەکان تەرخان کراوە. خاڵێکی گرنگی ئەم بڕیارە ئەوەیە کە نمرەی زمانی کوردی لە ناو کۆی گشتیی نمرەکانی (کۆنمرە) قوتابیدا هەژمار دە کرێت و وەک وانە نیشتمانییە سەرەکییەکان مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.
وەزارەتی پەروەردەی سووریا بۆ ئاسانکاری لە قۆناغی یەکەمی جێبەجێکردنی ئەم بڕیارەدا، مافی هەڵبژاردنی داوەتە قوتابیان تاوەکو لە یەکەم ساڵی خوێندندا، وانەکانی وەک (خوێندنی کۆمەڵایەتی، مێژوو، جوگرافیا و فەلسەفە) بە هەر یەک لە زمانەکانی کوردی یان عەرەبی بخوێنن و تاقیکردنەوەکانی کۆتاییی ساڵیش بە هەمان شێوە ئەنجام بدەن.
سەبارەت بە دابینکردنی کادری پسپۆڕ بۆ وانەی زمانی کوردی، وەزارەت کۆمەڵێک ڕێنماییی تووندی بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردە و سەرپەرشتیکردنی پەروەردەیی دەرکردووە. مامۆستایانی ئەم وانەیە دەبێت هەڵگری بڕوانامەی زانکۆ یان بڕوانامەی پەیمانگای پێگەیاندنی مامۆستایان بن و شارەزاییی تەواویان لە زمانی کوردیدا هەبێت.
ههروهها لە حاڵەتی پێویست و نەبوونی میلاکی پسپۆڕدا، ڕێگە بە هەڵگرانی بڕوانامەی ئامادەیی دەدرێت وانەکە بڵێنەوە، بە مەرجێک تاقیکردنەوەی نووسین و زارەکی لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیی سەرپەرشتیکردنی پەروەردەیییەوە ئەنجام بدەن و ئاستی زمانەوانییان بە هەماهەنگی لەگەڵ ناوەندی نیشتمانی بۆ پەرەپێدانی پڕۆگرامەکان پەسەند بکرێت.
ئەم بڕیارە لە مێژووی پەروەردەی سووریادا وەک وەرچەرخانێکی گرنگ بۆ دانپێدانانی فەرمی بە مافە کولتوورییەکانی پێکهاتەکان سەیر دەکرێت و بڕیارە لە ڕێکەوتی دەرچوونیەوە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

