ڕفاندن لە نەیجیریا لە تاوانی هەمەجۆرەوە گۆڕدرا بۆ '' ئابووری بارمتە''، لەڕێگەیەوە باند و گرووپە چەکدارەکان پارە دابین دەکەن، تەنها لەماوەی کەمتر لە ساڵێک زیاتر لە حەوت هەزار کەس ڕفێندراون.
  
ئەمڕۆ ڕاپۆڕتێکی 'ئێس بی ئێم ئینتێلیجنس'ـی نەیجیریا ئاشکرای کردووە، ڕێژەی ڕفاندن لە وڵاتەکە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو %66 زیادی کردووە، کە لە نێوان مانگی تەمموزی 2025 تا حوزەیرانی 2026، حەوت هەزار و 825 کەس ڕفێندراون، لە نێویاندا هەزار و 142 کەس لەکاتی ڕفاندن یان دیل بووندا کوژراون.

لە ڕاپۆڕتەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، کۆی بەها پشتڕاستکراوەکان لەماوەی ساڵێکدا بە بڕی زیاتر لە پێنج ملیۆن دۆلار بووە لەبەرامبەر ئازادکردنیان، بەڵام ئەمە قەبارەی ڕاستەقینە نییە بەو پێیەی زۆرێک لە خێزانەکان لە ترسی ئەوەی بارمتەکانیان بخرێنە مەترسییەوە، ئامادە نین ئەو بڕە ئاشکرا بکەن کە داویانە.

ڕۆژی 6ی ئاب، دەسەڵاتداران لە میانی ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشدا کە سوپا، پۆلیس، دەزگای هەواڵگری و یەکەکانی دژە تیرۆر تێیدا بەشداربوون، ئازادکردنی 308 بارمتەیان لە دارستانەکان ڕاگەیاند.

 

هۆکاری ڕێژەی زۆری ڕفاندن دەگەڕێننەوە بۆ دارستانە فراوانەکان و لاوازی ئامادەبوونی ئەمنی، کە بووەتە شاردنەوەی هەزاران ڕفێندراو و بە بارمتەگرتنیان.