داڕمانی بەشێک لە چیایەکی سنووری نێوان نیپاڵ و تیبت کارەساتێکی سروشتی گەورەی لێ کەوتەوە، بەهۆیەوە زیاتر لە 1000 کەس بێ سەروشوێن بوون و هەزاران باڵەخانە، پرد و شوێنی نیشتەجێبوون وێران بوون.
ئەمڕۆ ئاژانسی هەواڵی فڕانس پرێس ڕایگەیاند، داڕمانی بەشێکی بەستەڵەکی یەکێک لە چیاکان لەسەر سنووری نێوان نیپاڵ و تیبت کارەساتێکی سروشتی گەورەی لێ کەوتەوە و بووە هۆی دروستبوونی لافاوێکی وێرانکەر، تا ئێستا زیاتر لە 165 کەس گیانیان لەدەست داوە و چارەنووسی پتر لە 1300 کەسی دیکەش نادیارە.
بەپێی ڕاپۆرتە ناوخۆیییەکان، بەستەڵەکەکە بووەتە هۆی ڕاماڵینی چەندین گوند و لەناوچوونی باڵەخانە گەورەکان بەهۆی لافاو و ڕاتەکاندنی زەوییەوە، ئەم زریانە هاوشێوەی تسونامییەکی وشکانی بووە و چەندین ئۆتۆمبێل و بارهەڵگری لەگەڵ خۆیدا بردووە.
دامەزراوەی جیۆلۆجی ئەمریکی ڕوونی کردەوە، ئەم ڕووداوە سەرەتا وەک بوومەلەرزەیەکی بەهێزی 4.4 پلەی ڕیختەر تۆمار کرا، بەڵام دواتر دەرکەوت هۆکارەکەی داڕمانی بەستەڵەک بووە و بووەتە هۆی دروستبوونی شەپۆلێکی گەورەی قوڕ و لیتە.
سوپای نیپاڵ و تیمەکانی فریاکەوتنی حکومەتی چین بە هاوکاری زیاتر لە 800 کارمەندی فریاگوزاری و بەکارهێنانی سەگی ڕاهێنراو و بەلەمی خێرا، لە هەوڵی چڕوپڕدان بۆ دۆزینەوەی گەشتیارە ونبووەکانی وڵاتانی جیاواز وەک ئەمریکا، بەریتانیا، هیندستان و ئوسترالیا، هاوکات ڕێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتیش هاوکاری مرۆیی فریاگوزاری بەپەلەی ڕەوانەی ناوچە زیان لێکەوتووەکان کردووە.
پسپۆڕانی ژینگە ئاماژە بەوە دەکەن گۆڕانی کەشوهەوا بووەتە هۆی خێرا توانەوەی بەستەڵەکەکان لە سەرانسەری جیهان، ئەمەش مەترسی لافاو و داڕمانی شاخە سەهۆڵینەکانی بە شێوەیەکی بەرچاو لە ناوچە شاخاوییەکان زیاتر کردووە.