ئێران لە وەڵامی سزا ئابوورییەکانی ئەمریکا هەوڵی بەئامانجگرتنی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و میدیا ئێرانییەکانی ئەوروپا دەدات.

ئەمڕۆ ئێران ئینتەرناشناڵ لە زاری ئەبو فازڵ شکارچی، گوتەبێژی سوپای ئێران ئاشكرای کرد، ئێران هەوڵ دەدات دەزگا هەواڵییەکانی هەر یەک لە ئێران ئینەرناشاڵ و بی بی سی فارسی (کە هەردووکیان دەکەونە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا) و ڕادیۆی فەردا ( کە دەکەوێتە کۆماری چیک) بکەنە ئامانجی داهاتوویان.

 ئەبو فازڵ شکارچی دەڵێت: "ئێمە ئەو ڕێکخراوە هەواڵییانە بە میدیا هەژمار ناکەین، ئەوانەی لەوێ کار دەکەن سەربازی زایۆنیزم و تاوانکارانی ئەمریکان." گوتەبێژی سوپای ئێران ئەو دەزگا هەواڵییانەی بە هاندانی توندوتیژی تۆمەتبار کرد و پێشنیاری ئەوەشی کرد، کە میدیا ئێرانییەکان پێویستە جگە لە بینەر و خوێنەرانی قسەکەری فارسی، هەوڵ بە گەیشتنی قسەکەرانی زمانەکانی دیکەش بدەن.

لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژنامەی تووندڕەوی 'کەیهان'ـی ئێرانی لە ڕاپۆرتێکدا داوای کردووە لە وەڵامی سزا ئابوورییەکانی ئەمریکا، بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکرێنە ئامانج.

ئەم ڕۆژنامەیە لە چوارچێوەی ئامانجەکان دا ناوی چەندین کۆمپانیای نێودەوڵەتی بەشەکانی تەکنەلۆجیای ئیسرائیلی و چەندین دامەزراوەی ئەمریکی وەک گووگڵ، ئەمازۆن، مایکرۆسۆفت، مێتا، نڤیدیا و ئینتیل هێناوە.

ئەمە لە کاتێکدایە، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا سەپاندنی گەورەترین سزای ئابووری بەسەر ئێراندا ڕاگەیاند، دواتریش دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تروس سۆشیاڵ نووسی: "ئێران بەتەواوی لە ڕووخاندایە!"