تەندروستی جیهانی پێشبینی دەکات لەمساڵدا، نزیکەی 11 ملیۆن کەس لە جیهاندا تووشی نەخۆشی سورێژە ببن.
ئەمڕۆ ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، هۆشداری لە سەرهەڵدانەوەی نەخۆشی سورێژە دا و پێشبینی دەکات، لەمساڵدا نزیکەی 11 ملیۆن کەس تووشی نەخۆشیەکە بن، ئەمەش بەهۆی دابەزینی ڕێژەی کوتان کە هۆکارە لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسەکە.
ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەشکرد، زۆرینەی حاڵەتەکان لە وڵاتانی کەم دەرامەت هەیە، هەرچەندە ڤایرۆسەکە لەو وڵاتانەش سەریهەڵداوەتەوە کە سیستەمی چاودێری تەندروستی پێشکەوتوویان هەیە، بەڵام ئەوە مەزەندە دەکرێت کە زۆربەی تووشبوون بە ڤایرۆسەکە لە ئەفریقا و ئاسیا تۆمار دەکرێن.
سورێژە یەکێکە لە نەخۆشییە گوازراوەکانی جیهان، تا ئێستا هیچ چارەسەرێکی تایبەت بۆی نییە و نەتوانراوە لە ئاستی جیهان کۆنتڕۆڵ بکرێت، هەر بۆیە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیی پێشبینی هەڵکشانی تووشبووان بەو نەخۆشییە دەکات. هەرچەندە ڤاکسینەکان سەلمێنراون کە سەلامەتن و کاریگەرن لە ڕێگریکردن لە تووشبوون.