چارەنووسی مووچەی مانگەکانی 6 و 7

چارەنووسی مووچەی مانگەکانی 6 و 7 دیار نییە و ناکۆکی و کێشە زیاتر دەبن
چاوەڕوان دەکرا ئەم هەفتەیە چارەنووسی مووچەی مانگەکانی 6 و 7ـی مووچە خۆرانی هەرێمی یەکلایی بکرێتەوە، بەڵام تاوەکو دێت کێشە و ناکۆکییەکان زیاتر دەبن و هیچ ئاماژەیەک بۆ ناردنی مووچە نامێنێت.
بڕیاروابوو دوێنێ ئەو چوار لێژنەیەی دروستکرابوون لە لایەن حکومەتی عێراق، ڕاپۆرتی خۆیان لەسەر کێڵگە نەوتییەکان، توانای بەرهەمێهانی نەوت لە هەرێم و هەناردەی نەوت و بابەتەکانی دیکەی پێشکەشی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بکەن، بەڵام ئەو لێژنانە بەبێ نووسینی هیچ ڕاپۆرتێک، گەڕاونەتەوە بەغدا و تاوەکو ئێستا هیچ ڕاپۆرتێکیان پێشکەش نەکردووە.
بەپێی زانیارییەکانی پایتەخت میدیا، بەغدا داواکاری نوێی هەیە و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش دەیەوێت گۆڕانکاری لە یەک دوو خاڵی رێککەوتنەکە و بە تایبەت ئەو 120 ملیار دینارەی داهاتەی ناوخۆ بکرێت.
بۆ ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، حکومەتی عێراق مەرجی نوێی هەیە و بە پێی زانیارییەکان، ئێستا حکومەتی فیدڕاڵی داوا دەکات هەرێم رۆژانە نزیکەی 200 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆی عێراقی بکات یان لە رێگەی بۆڕیەوە هەناردەی بەندەری جەیهان بکرێت.
حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشتر ئامادەیی خۆی بە ڕادەستکردنی 120 ملیار دیناری داهاتی ناوخۆ بۆ مانگی 6 و بڕی تەواوی نەوتی بەرهەمهێنراو نیشاندابوو، جگەلەو ٥٠ هەزار بەرمیل نەوتەی بۆ پێداویستی ناوخۆ دەگەڕێندرێتەوە، بەڵام بەغدا ئامادە نییە بەمشێوەیە پارەی مووچەی بنێرێت.
پایتەخت میدیای پەیوەندی بەسەرچاوەیەکی ئاگادار لەم پرسە کرد و ڕایگەیاند، بابەتەکان بە تەواوی ئاڵۆزبوون و ناکۆکییەکان زیاتر بوونە، ئەگەر بەزوویی و بە فشاری سیاسیی کێشەکان چارەسەر نەکرێن، دووبارە پرسی مووچەی وەکو مانگەکانی پێشووی لێ دێتەوە و چارەسەر بوونی ئاسان نابێت.
ئێستا هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵ، یەکتر خەتابار دەکەن بە پابەندنەبوون بە رێککەوتنەکەیان، بەڵام فارس عیسا، نوێنەری حکومەتی هەرێم لە بەغدا ڕایگەیاند، حکومەتی هەرێم پابەندی تەواوی رێککەوتنەکەیە و دەیەوێت ئەو سەرنج و ناکۆکییانەی لەسەر رێککەوتنەکە هەن، چارەسەر بکرێن.
ئێستا بابەتەکە بە تەواوی ئاڵۆزبووە، ئەو چوار لێژنەیەی دروستکرابوون، بێ ڕاپۆرتن و حکومەتی عێراقیش ئامادە نییە بەهەمان رێککەوتنی مانگی ڕابردوو مووچە بنێرێت و ئێستا، چارەنووسی مووچەی مانگی 6 و 7 دیار نییە و کێشەکانیش زیاتر دەبن.