هاوپەیمانێتیی ناتۆ، وەڵامی ئەو هەواڵانە دەداتەوە کە باس لە پلانەکانی ئێران دەکەن بۆ هێرشکردنە سەر ئامانجەکانی ئەمریکا لە ئەورووپا، جەخت لەوە دەکاتەوە کە هاوپەیمانێتییەکە ئامادەیە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هەڕەشەیەک.
ئهمڕۆ بەرپرسێکی ناتۆ بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند، هاوپەیمانییەکە ئامادەیە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هەڕەشەیەک و هەمیشە ڕێکاری پێویست دەگرینەبەر بۆ بەرگریکردن لە هەموو وڵاتانی ئەندام.
ئاماژەی بەوەش کردووە، سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ناتۆ، پێشتر لە 4 کاتی جیاوازدا توانیویەتی ڕێگری لە مووشەکی بالیستی بکات کە لە ئێرانەوە بەرەو خاکی تورکیا ئاراستە کرابوون.
ئەمەش لە دوای ئەوە دێت، ڕۆژنامەی 'فاینانشیاڵ تایمز' بڵاوی کردەوە، ئێران تاوتوێی ئەوە دەکات کە بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ئەورووپا بە ئامانج بگرێت، ئەگەر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری پەرەپێدانی ململانێکان بدات. بەپێی ڕاپۆرتەکە، ئێران دەیەوێت لە ڕێگەی فراوانکردنی مەودای ململانێکانەوە، تێچووی جەنگ لەسەر واشنتن قورس بکات.
سەرچاوەکان ئاماژە بەوەش دەکەن، هێزەکانی ئێران بیریان لە بەئامانجگرتنی دامەزراوە و شوێنەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا کردووەتەوە، لەوانەش بولگاریا و قوبرس کە لە لیستی ئامانجە ئەگەرییەکانی تۆڵەسەندنەوەی ئێراندایە ئەگەر ئەمریکا هێرشێکی دیکە دەست پێ بکات.
ئەمەش لە کاتێکدایە، لە ماوەکانی ڕابردوودا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕەخنەی لە وڵاتانی ئەندامی ناتۆ گرت لەسەر بڕیاری نەچوونە پاڵ ئەمریکا لە ململانێی لەگەڵ ئێران، ترەمپ گوتبووی: "مامەڵەی باشمان لەگەڵ نەکراوە، تەنانەت پێویستم بە هاوکاریی ئەوانیش نەبوو، چونکە ئەوان دەیانگوت بەشداری ناکەین".