ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بۆ دەنگدان لەسەر داڕشتنەوەی 14 لێژنەی سەرەکی کۆدەبێتەوە، بەپێی ڕێککەوتنەکان، فراکسیۆنی پارتی سەرۆکایەتیی دوو لێژنە وەردەگرێت.

ئەمڕۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کۆبوونەوەیەکی ئاسایی بەڕێوەدەبات و تێیدا بڕیاری کۆتایی لەسەر داڕشتنەوە و دابەشکردنی سەرۆکایەتیی سەرجەم لێژنە هەمیشەیییەکانی ئەنجوومەنەکە دەدرێت.

بەپێی ئەو ڕێککەوتنە سیاسییانەی لە نێوان لایەنەکاندا کراون، پشکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان سەرۆکایەتیکردنی دوو لێژنەی سەرەکی دەبێت.

سەبارەت بە شێوازی بەشدارییان، م.حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند: "پارتی لە پێناو بەدەستهێنانی پلە و پۆستدا نەگەڕاوەتەوە بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی پارێزگا".

م.حەسەن مەجید ڕوونیکردەوە: "ئەوەی ئەمڕۆ دەکرێت تەنیا وەرگرتنی سەرۆکایەتیی دوو لێژنەیە و ئامانجی سەرەکیی ئێمە خزمەتکردنی خەڵکی ناوچەکەیە، لە داهاتوویشدا هاووڵاتییان کار و چالاکییەکانمان لە چوارچێوەی ئەو لێژنانەدا دەبینن."

لێژنە سەرەکییەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کە لە چوارچێوەی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا دەنگدان و یەکلاکردنەوەیان بۆ دەکرێت، بریتین لە:

•لێژنەی نەوت و گاز
•لێژنەی پەروەردە
•لێژنەی دارایی
•لێژنەی پڕۆژەکان
•لێژنەی ئاسایش و بەرگری
•لێژنەی خزمەتگوزارییەکان
•لێژنەی یاسایی
•لێژنەی کشتوکاڵ
•لێژنەی پەیوەندییە گشتییەکان
•لێژنەی مادەی 140
•لێژنەی هاوسەنگی
•لێژنەی دەستپاکی
•لێژنەی وەرزش و لاوان
•لێژنەی کاروباری ژنان

ئەم هەنگاوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بۆ کاراکردنەوە و ڕێکخستنەوەی پەیڕەوی ناوخۆیی و لێژنەکان دوای ئەوە دێت، لە 28ی تەممووزی 2026، فراکسیۆنی پارتی دوای زیاتر لە ساڵ و نیوێک لە بایکۆتکردن بڕیاری دا بگەڕێتەوە نێو کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنەکە.