دوای ڕێگریکردن لە بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان لە میانی یارییەکانی، خالید ڕەشید ئاشکرای دەکات، نامۆ فازڵ ڕووبەڕووی جەنگێکی دەروونیی قورس بووەتەوە.

ئەمڕۆ خالید ڕەشید، هونەرمەندی کورد ڕەخنەی تووند لەو ڕێگرییانە دەگرێت کە بەرامبەر وەرزشکار و شەڕکەری کورد نامۆ فازڵ کران بۆ بەرزنەکردنەوەی ئاڵای کوردستان، دەڵێت: "ئەم ڕەفتارە تەنیا ڕێکارێکی ئاسایی نەبووە، بەڵکو جەنگێکی دەروونیی ئامانجدار بووە بۆ ڕووخاندنی ورەی ئەو پاڵەوانە".

خالید ڕەشید ئاماژە بەوە دەکات، نامۆ فازڵ دوای ئەو هەموو سەرکەوتنە مێژوویی و بێهاوتایانەی بەدەستی هێنابوون، ببووە سەفیر و نوێنەری نەتەوەیەکی 80 ملیۆنی بێ ‌دەوڵەت لە ئاستی جیهانیدا.

بەپێی گوتەی ئەو هونەرمەندە، ئامانج لە ڕێگرییەکانی ئەمجارە بەکارهێنانی جەنگی دەروونی بووە تا پێی بڵێن کە بێ ناسنامە، بێ ئاڵا و بێ دەوڵەتە.

لە شیکارییەکەیدا بۆ مەترسیی ئەم جۆرە جەنگانە، خالید ڕەشید بەراوردکارییەکی مێژوویی دەکات و دەڵێت: "ناپلیۆن بۆناپارت، کە گەورەترین جەنگاوەر و سەرکردەی سەربازیی فەرەنسا بوو، لە مەیدانی جەنگدا نەدۆڕا، بەڵکو لە ڕێگەی جەنگی دەروونی و رووخاندنی ورەیەوە شکستی پێهێنرا".

لە کۆتاییدا، خالید ڕەشید بەرگری لە بەهای سیمبوولیی ئاڵا دەکات و ئاماژە بە وەڵامێکی مێژوویی بیرمەند و پڕۆفیسۆر جەمال نەبەز دەکاتەوە، بۆ سیاسەتمەدارێک کە ئاڵای بە "پارچە پەرۆیەک" وەسف کردبوو؛ جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئاڵا تەنیا پارچە قوماشێک نییە، بەڵکو هێما و ناسنامەی نەتەوەیی گەلێکە.