ئیسرائیل هۆشداری دەداتە حکومەتی سووریا، دەربارەی ڕێگەدان بە جێگیر بوونی هێزەکانی تورکیا لە بنکەیەکی ئاسمانی نزیک لە حەلەب، هێرشەکەشی بۆ سووریا کاردانەوەی تووندی لێکەوتەوە.

لە ڕاگەیەنراویكدا، نووسینگەی بنیامین نەتەنیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، ''ئیسرائیل و سووریا گەیشتبوونە لێکتێگەیشتنێک دەربارەی پاراستنی دۆخی ئەمنیی، بەڵام دیمەشق هەوڵی شکاندنی ئەو ڕێککەوتنە دەدات و ڕێگە دەدات به‌ بڵاوه‌پێكردنی هێزه‌كانی توركیا له‌ بنكه‌ی ئاسمانی ئه‌بو زوھور له‌ نزیك حه‌له‌ب ''.

نەتەنیاهو ئاماژەی بەوەشدا، سووریا هۆشدارییەکانی ئیسرائیلی پشتگوێ خستووە لەکاتێکدا چەندین جار هۆشداریان داوە کە بوونی هێزە سەربازییەکانی تورکیا لەو بنکەیە بە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی خۆی دەبینێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، دوێنی ئیسرائیل هێرشی کردە سه‌ر بنكه‌ی ئاسمانی "ئه‌بو زوھور" له‌ باكووری رۆژئاوای سووریا، ئەمەشی گەڕاندەوە بۆ ڕێگریکردن لە جێگریکردنی هێزەکانی تورکیا لەوێ.

لەکاردانەوەی ئەم هێرشە، نیگەرانیی لای ئەمریکا دروست کرد، تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا لە سووریا بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند، "هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بنکەی ئاسمانی لە سووریا، ڕەنگدانەوەی هەڵسەنگاندنەکانە کە ڕەنگە تورکیا لە داهاتوویەکی نزیکدا بوونی خۆی لەوێ بەهێزتر بکات".

تۆم باراک ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمریکا کار دەکات بۆ دانانی میکانیزمێک بۆ ڕێگریکردن لە پێکدادانەکانی نێوان ئیسرائیل و تورکیا و سووریا.

لەبەرامبەردا، تورکیا ڕەتیکردووەتەوە کە هەڕەشەی ئەمنی بۆ ئیسرائیل دروست بکات، ئەو بانگەشانەی ئیسرائیل بە '' بێ بنەما'' وەسف کرد.

لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی دەرەوەی سووریا ئیدانەی هێرشەکانی ئیسرائیلی کرد، بە پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سووریا و پەرەسەندنێکی مەترسیدار کە هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە دەکات.