شەڕکەری کورد نامۆ فازڵ لە ڕووبەڕووبوونەوەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە لێدانی کوشندە تووشی شکستهات، بەڵام دوای یارییەکە لە پەیامێکدا بەرپرسیارێتی شکستەکەی هەڵگرت و بەڵێنی گەڕانەوەیەکی بەهێزتری دا.
لە چوارچێوەی ڕووبەڕووبوونەوەکانی پاڵەوانیەتی ئێم ئێم ئەیدا، نامۆ فازڵ لە کێشی مامناوەند رووبەبەرووی شەڕکەری بەڕازیلی کایک بریتۆ بوویەوە و دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە 10 خولەک و لە گەڕی سێییەم، بە لێدانی کوشندە تووشی شکست هات.
یارییەکە لە بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە، کاتژمێر 3:10 بە کاتی کوردستان لە ناو یاریگا مێتا ئیپێکس بە ئامادەبوونی زیاتر لە 1,200 کەس ئامادە بوون.
نامۆ فازڵ، لە دوای کۆتاییهاتنی یارییەکە پەیامێکی ڤیدیۆیی بە زمانی ئینگلیزی بڵاوکردەوە و گوتی: "ئەم شەو شەوی من نەبوو، من شەرم ناکەم و بەهانە بۆ شکستەم ناهێنمەوە، هەر چەندە من کۆمەڵێک کێشەم هەبوو و رکابەرەکەم باشتر یاریی کرد، بەڵام دڵنیاتان دەکەمەوە، ئێوە نامۆیەکی ١٠ ئەوەندە باشتر لە ڕابروو و زۆر بەهێزتر دەبیننەوە."
زۆرانبازە کوردەکە لە کاروانی وەرزشی خۆی لە ئێم ئێم ئەی دا، ١٢ یاریی کردووە و توانیویەتی لە ١٠ یاریی دا سەرکەوێت و لە دوو یارییدا شکست بهێنێت.
نامۆ فازڵ، بەهۆی ئەو شکستەی تووشی بوو، نەیتوانی بگاتە یارییەکانی یو ئێف سی، چونکە بەپێی ڕاگەیاندراوی پێش یارییەکە، هەر کام لەو یاریزانانە سەرکەوتن بەدەست بهێنن، ڕاستەوخۆ لەگەڵ رێکخراوی یو ئێف سی بۆ زۆرانبازی گرێبەست واژۆ دەکات.