لە کاتی کارکردنی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە سنووری کەرکووک، بەهۆی هەڵەیەک لە کارپێکردنی ئامێری بڕینی بلۆکدا، کوڕێک بێئاگادارانە بووە هۆی گیانلەدەستدانی باوکی.
بەپێی زانیارییەکانی پایتەخت میدیا، ڕووداوەکە بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە کاتی کارکردندا ڕوویداوە، لەو کاتەی هاووڵاتییەک بەناوی 'حاجی حەسەن' بە مەبەستی پاککردنەوەی ناو ئامێری بڕینی بلۆکەکە چووەتە سەر ئامێرەکە، کوڕەکەی کە شۆفێری هەمان ئامێر بووە، بێئاگادارانە ئامێرەکەی کار پێکردووە.
زانیارییەکان ئەوەش ئاشکرا دەکەن، کە بەو هۆیەوە باوکی سەری کەوتووەتە بەر چەقۆی ئامێرەکە و دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە.
'حاجی حەسەن محەممەد'، خەڵکی گوندی چۆمەزەردەڵە و دانیشتووی شارەدێی پردێ بووە، ئەم ڕووداوە کاردانەوەی زۆری لە نێو خەڵکی بەدوای خۆیدا هێنا.