پزیشکەکانی سریلانکا بەردێکی 3 کیلۆگرامی کە هێندەی منداڵێکی تازە لەدایکبوو دەبوو، لە میزەڵدانی پیاوێکیان دەرهێنا.

کەناڵی بی بی سی بڵاویکردەوە، پزیشکەکانی سریلانکا بەردێکی میزەڵدانیان لە پیاوێکدا لابردووە کە کێشی 3.1 کیلۆگرام دەبوو و درێژییەکەشی نزیکەی 17سم بووە، ئەمەش بە گەورەترین بەردی میزەڵدان لە مێژوودا تۆمار دەکرێت.
 

کەناڵی بی بی سی ئاماژەی بەوەشکردووە، نەخۆشەکە تەمەنی 55 ساڵە، دوای ئەوەی تووشی جەڵتەی مێشک بووە، لە نەخۆشخانە خەوێندرابوو، بەڵام لەکاتی وەرگرتنی چارەسەر، پزیشکەکان بەردیان لە میزەڵدانیدا دۆزیەوە.

لەبارەی ماوەی مانەوەی ئەم بەردە گەورەیە لە میزەڵدانی نەخۆشەکە، پزیشکەکانی سریلانکا باسیان لەوە کرد، کە بەردەکە نزیکەی 5 بۆ 10 ساڵ لە میزەڵدانی نەخۆشەکەدا بوو بەڵام پێی نەزانیبوو.

بەپێی کتێبی تۆماری جیهانی گینس، گەورەترین بەردی میزەڵدان لە نەخۆشێک لە بەرازیل لە ساڵی 2003 دەرهێنراوە، کێشی 1.9 کیلۆگرام بووە و درێژییەکەی 17.9 سم (7 ئینج) بووە.