داتاکانی هاتووچۆ لە گەرووی هورمز دەریدەخەن، ئێران وردە وردە کۆنترۆڵی گەرووەکەی لەدەستداوە و چیتر ناتوانێت باج بەسەر کەشتییەکان دا بسەپێنێت.

بەگوێرەی کۆمپانیای کپلەر بۆ چاودێریی کەشتیوانی و وزە، زیاتر لە %80ـی هاتووچۆی کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمز، ڕێڕەوی عومان بەکاردەهێنن، کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان پەسەند کراوە و ئێران بە تووندی دژی دەوەستێتەوە.

ئێران تائێستا لە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی گەرووەکە بەردەوامە و چەندین جار هێرشی کردووەتە سەر ئەو کەشتییانەی کە بە ڕێڕەوی عومان دا تێدەپەڕن، سەرەڕای ئەم مەترسییەش، زۆربەی کەشتییەکان لەمدوایانەدا داواکارییەکانی ئیرانیان پشتگوێ خستووە و بە ڕێڕەوی عومان دا تێدەپەڕن، کە لەلایەن ئەمریکاوە بەڵێنی پاراستنیان پێ دراوە.


داتاکانی کۆمپانیای کپلێر دەریدەخەن، ئەم دۆخەی ئێستای هورمز ڕێک پێچەوانەی هی مانگێک پێش ئێستایە، ئەو کاتە ڕێڕەوەکەی عومان نزیکەی هیچ  هاتووچۆیەکی تێدا تۆمار نەدەکرا.

کەمبوونەوەی ڕێژەی هاتووچۆی کەشتییەکان بە ڕێڕەوەکەی ئێران، وڵاتەکەی ناچار کردووە باج و سەرانە لە کەشتییەکان وەرنەگرێت، کە لە بەهاری ڕابردوو هەوڵی دەدا، هەروەها هەرچەندە 'لێکتێگەیشتنەکەی ئیسلامئاباد' کە لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و مەسعود پزیشکیان، سەرۆکی ئێران واژۆ کرا و ئەم هەفتەیە وادەکەی کۆتایی هاتووە، کە دووبارە ڕێگە بە ئێران دەدات باج بەسەر تێپەڕبوونی کەشتییەکان بسەپێنێیت، بەڵام داتاکانی کۆمپانیای کپلەر دەریدەخەن کە ئێران لەم هەوڵانەی شکستی هێناوە.