ترەمپ، نەخشەی گەرووی هورمزی بڵاوکردەوە و وەک بەشێک لەخاکی ئەمریکا ناساند، ئەمەش کاردانەوەی بەرپرسانی ئێرانی لێکەوتەوە و وەڵامی ترەمپیان دایەوە.   


 
ئەمڕۆ، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە ''تروس سۆشیاڵ''، نەخشەی گەرووی هورمزی بڵاوکردەوەو بە بازنەیەک وەک بەشێک لە خاکی وڵاتەکەی دەستنیشانکرد، ئەمەش بەرپرسانی ئێرانی توڕە کرد و کارادانەوەی جیا جیای لێکەوتەوە.  
 
لە کاردانەوەکاندا، کازم غەریب ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، '' گەرووی هورمز ئێرانی بووە، ئێرانییە و ئێرانی دەمێنێتەوە و تەنها بە فەرمانی ئێران دەکرێتەوە یان دادەخرێت، هەر وەک چۆن ترەمپ ناوی کەنداوی فارسی بە دروستی زانیوە، بەم نزیکانە خەیاڵەکانی ئەو سەرۆکە خەیاڵاوییەش دەربارەی هورمز ڕاست دەکەینەوە''.  


 
لەلایەکی دیکەوە، سەردار موستەفا ئیزەدی، جێگری فەرماندەی گشتی سوپای پاسداران ئاماژەی بەوەکرد، ڕاستییەکانی مەیدانی ناوچەکە لەگەڵ بانگەشەکانی بەرپرسانی ئەمریکا سەبارەت بە کراوەبوونی ئەم ڕێڕەوە ستراتیژییە ناگونجێت.


 
 لە کاردانەوەیەکی دیکەشدا، ئیسماعیل بەقائی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە لە هەڵوێستی ئەمڕۆدا جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە دۆخی گەرووی هورمز بەردەوامە و کردنەوەی گەرووەکە بە مەرجەکانی ئێران پەیوەستە.


 
هاوکات، محەمەد باقر قالیباف، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی ئێران رایگەیاند، '' گەرووی هورمز بە داخراوی دەمێنێتەوە تا ئەو کاتەی ئەمریکا پابەند دەبێت بە مەرجەکانی ڕێککەوتنەکە''.    


 
دەربارەی مەرجەکان، قالیباف، ئاماژەی بەوەشکرد، '' هەڵگرتنی گەمارۆی بەندەرەکانی ئێران لەلایەن ئەمریکاوە، هەڵگرتنی گەمارۆکانی سەر کەرتی نەوت، ئازادکردنی سەروەت و سامانی بەستووی تاران، ڕاگرتنی هەڕەشە و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە هەموو بەرەکاندا.