بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین بە هەماهەنگی لەگەڵ پۆلیسی هەولێر، مێرمنداڵێکی 16 ساڵیان بە تۆمەتی هەڕەشەکردن لە کچێکی خوار تەمەن 18 ساڵیان دەستگیر کرد.
نوسینگەی نەهێشتنی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن، بە هاوکاری پۆلیسی ڕاپەڕین و پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی هەولێر، تۆمەتبارێکیان دەستگیر کرد کە هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی تایبەتی لە کچێکی خوار تەمەن 18 ساڵ دەکرد.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین ئاماژەی بەوە کرد، نزیكەی 10 ڕۆژ پێش ئێستا، کچەکە بە یاوەریی دایکی سەردانی نوسینگەی نەهێشتنی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردنیان کرد و سکاڵای یاساییان تۆمار کرد، بەپێی سکاڵاکە، تۆمەتبارەکە وێنە و ڤیدیۆی کچەکەی لەلابووە و داوای پارەی لێکردووە بەرامبەر بڵاونەکردنەوەیان.
بەپێی ڕاگەیەندراوی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین، دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، شەوی ڕابردوو تۆمەتبارەکە لە شاری هەولێر دۆزرایەوە و دەستگیر کرا.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین ڕوونیکردەوە، تۆمەتبارەکە ناوی (ڕ.ڕ.س)ـە و تەمەنی 16 ساڵە و دانیشتووی شارەدێی بەحرکەیە لە هەولێر، ناوبراو لەبەردەم پۆلیس و دادگا دانی بە تاوانەکەیدا ناوە.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ڕاپەڕین داوای لە دایکان و باوکان کردووە ئاگاداری مۆبایل و پەیوەندییە ئەلیکترۆنییەکانی منداڵەکانیان بن، بەتایبەت ئەوانەی تەمەنیان لە خوار 18 ساڵییەوەیە، تاوەکو لە گێچەڵ و لێکەوتە کۆمەڵایەتی و دەروونییە خراپەکان بپارێزرێن.