وەزارەتی کارەبای عێراق دەستی بەسەر یەکێک لە گەورەترین و بەرفراوانترین تۆڕەکانی گەندەڵیی وەزارەتەکەیدا گرتووە، کە سەدان کەسی بە بندیوار دامەزراندووە.

 

ئه‌مڕۆ میدیا عێراقییەکان بڵاویان کردەوە، وەزارەتی کارەبای عێراق دەستی بەسەر یەکێک لە گەورەترین و بەرفراوانترین تۆڕەکانی گەندەڵیدا گرتووە، کە ناوی 549 کارمەند و فەرمانبەری بندیوار ساڵانێک بوو مووچەیان لەسەر لیستی مووچەدا وەرگرتووە.

 

ئاماژە بەوەش کراوە، ئەم گەندەڵییە بەهۆی لێکۆڵینەوە و بەڵگەنامەکانەوە ئاشکرا کراوە، و ناوەکان بەرز کراونەتەوە بۆ ئەوەی بدرێنە دادگای لێکۆڵینەوە بۆ بەدواداچوونی ڕێکارە یاساییەکان.

 

جەخت لەوە کراوەتەوە، ئەو ناوە خەیاڵییانەی دۆزراونەتەوە لە ساڵی 2019 تا ساڵی 2025 مووچەیان وەرگرتووە و لە ئەنجامدا بە ملیارەها دینار زیان بە خەزێنەی دەوڵەت گەیشتووە. ئەمەش وای کرد وەزارەتی کارەبا 5 بەرپرس و کارمەند لەکار بخات بە تۆمەتی ساختەکاری و بەفیڕۆدانی سامانی گشتی.

 

ئەمەش لە کاتێکدایە، لە حوزەیرانی ئەمساڵدا عەلی زەیدی هەڵمەتێکی بەرفراوانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵکاران دەست پێ کرد، لە ئەنجامدا چەندین بەرپرسی باڵا و کەسایەتی لە عێراقدا دەستگیر کران.