وەزارەتی تەندروستی بە نووسراوێکی فەرمیی، فرۆشتنی دەرمانی گیایی و تەواوکەری خۆراکی لە سەنتەر و نۆرینگەکان قەدەغە کرد.


ئه‌مڕۆ وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، نووسراوێکی فەرمیی کە واژۆی د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی لەسەرە، بۆ بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی تەندروستیی هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە، گەرمیان، سۆران، ڕاپەڕین، زاخۆ و کۆیە ئاراستە کرد؛ ئەویش بە قەدەغەکردنی فرۆشتنی دەرمان، دەرمانی گیایی و تەواوکەری خۆراکی لە سەنتەر، نۆرینگە و شوێنی کاری کارمەندانی تەندروستییەکان.


لە نووسراوەکەدا جەخت لەوەش کراوەتەوە، پێویستە دەرمان، دەرمانی گیایی و تەواوکەری خۆراکی، تەنیا لە دەرمانخانە فەرمییەکان و کۆگا فەرمییەکانی دەرمان هەبێت و مامەڵەی پێوە بکرێت.


لە بەشێکی دیکەی گشتاندنەکەی وەزارەتی تەندروستیدا هاتووە، گەر هەر شوێنێک پابەند نەبێت یان سەرپێچی بکات، ئەوا ڕێکاری یاسایی بەرامبەریان دەگیرێتە بەر، ئەویش بە داخستنیان.