لە دوای چاکبوونەوەی پەیوەندییە سیاسییەکان لەگەڵ فەرەنسادا، سووریا توانی زیاتر لە 20 پارچەی شوێنەواریی گرنگ لەو وڵاتە وەربگرێتەوە کە بۆ ماوەی 15 ساڵ لە دەرەوەی وڵات مابوونەوە.

 

ئەمڕۆ ئاژانسی هەواڵی 'ڕووسیای ئەمڕۆ' بڵاوی کردەوە، دکتۆر مەسعوود بەدەوی، بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەوار و مۆزەخانەکانی سووریا ڕایگەیاندووە کە دیمەشق توانیویەتی 23 پارچە شوێنەواریی دێرین لە فەرەنسا وەربگرێتەوە کە مێژووەکەیان بۆ قۆناغی پێش مێژوو تاوەکو سەردەمی عوسمانی دەگەڕێتەوە.

 

ناوبراو ئاماژەی بەوە دا کە ئەم پارچانە لە ساڵی 2010ەوە بۆ پیشاندان لە مۆزەخانەی پەیمانگای جیهانیی عەرەبی لە پاریس بە قەرز درابوون، بەڵام پچڕانی پەیوەندییەکان ڕێگر بوو لە گەڕانەوەیان. پڕۆسەی گێڕانەوەی ئەم شوێنەوارانە لە چوارچێوەی هەماهەنگیی یاسایی و هونەریی نێوان هەردوو وڵات و هاوکات لەگەڵ سەردانەکەی سەرۆکی فەرەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن بۆ دیمەشق لە تەممووزی ڕابردوودا جێبەجێ کرا.

 

ئەم شوێنەوارە گەڕاوانە بڕیارە دوای نیشاندانیان لە فێستیڤاڵی هاوینی سووریا بۆ خێزان 2026، ڕادەستی مۆزەخانە ڕەسەنەکانی خۆیان لە دیمەشق، حەلەب، لازقیە و دەرعا بکرێنەوە، بە گوتەی دەسەڵاتدارانی سووریا، ئەو پارچانە یەکەم بەرهەمی هەڵمەتە نیشتمانییەکانن بۆ گەڕاندنەوەی شوێنەوارە سوورییەکان کە لە دەرەوەی وڵات هەن، چونکە هەزاران پارچە شوێنەواری دیکەش لە ماوەی شەڕی ناوخۆی سووریادا دزراون یان قاچاخ کراون.

 

سووریا یەکێکە لە دەوڵەمەندترین وڵاتانی جیهان لە بواری میراتی شوێنەواریدا، چونکە شوێنەوارەکانی نوێنەرایەتیی چەندین شارستانیەتی دێرین وەک ئاشووری، ئارامی، یۆنانی، ڕۆمانی، بیزەنتی و ئیسلامی دەکەن. هەروەها چەندین شوێنی مێژوویی گرنگی وەک پالمیرا و شارە کۆنەکانی حەلەب و دیمەشق، لە لیستی میراتی جیهانیی یونسکۆدا تۆمار کراون.