نەوت و کانزاکانی هەولێر داوای دانبەخۆداگرتن لە هاووڵاتییان دەکات، لە کاتی سەرەگرتندا و بەڵێنی دابینکردنی بڕی پێویستی بەنزین و ئاسایی بوونەوەی دۆخەکە لە ماوەیەکی نزیکدا دەدات.

 

ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی هەولێر ئاگاداری هاووڵاتییان دەکاتەوە، لەمەودوا هەموو شەوێک دوای کاتژمێر 12:00ـی شەو، لیستی دابەشکردنی بەنزین لە پەیجی فەرمیی خۆیان بڵاو دەکرێتەوە.

 

نەوت و کانزاکانی هەولێر ئاماژەی بەوە دا، کێشەی کەمیی بەنزین لە ماوەیەکی نزیکدا چارەسەر دەکرێت و دابینکردنی بەشەبەنزین بۆ هاووڵاتییان دەگەڕێتەوە بارودۆخی ئاسایی.

 

بەپێی ڕاگەیەندراوی نەوت و کانزاکانی هەولێر، هەوڵەکانیان بەردەوامە بۆ زیادکردنی پشکی پارێزگای هەولێر، بە ئامانجی باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان و زیادکردنی بڕی بەنزینی پێویست بۆ شۆفێران، بەتایبەتی شۆفێرانی ئۆتۆمبێلی تەکسی.

 

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکە هاتووە، وەک بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی هەولێر، هەرچی پێویست بێت دەیکەین بۆ ئەوەی ئەو بەنزینەی بە دەستمان دەگات بە شێوەیەکی ڕێک و پێک و دادپەروەرانە دابەش بکرێت. 

 

لە کۆتایی دا نەوت و کانزاکانی هەولێر داوا لە هاووڵاتییان دەکات، لە کاتی سەرەگرتندا ئارام و هێمن بن تاوەکو ئەم دۆخە تێدەپەڕێت و کێشەکان بەتەواوی بەرەو چارەسەر دەچن.