وەزارەتی ئەوقاف سووکایەتیکردن بە ئێزدییەکانی بە ڕەفتارێکی دوور لە بەها ئایینی و مرۆییەکان ناو برد و برایەتیی نێوان پێکهاتەکانی دووپات کردەوە.

 

ئەمڕۆ نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف بڵاویکردەوە، فەرهەنگی پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان ڕەگ و بنەچەی مێژوویی هەیە و مامۆستایانی ئایینی ئیسلام و سەرجەم ئایینەکانی دیکە ڕۆڵی بەرچاو لە پەرەپێدانی گیانی تەبایی و ئاشتیی کۆمەڵایەتیدا دەگێڕن.

 

گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف ئاماژەی بەوە دا، ئەگەرچی بڵاوبوونەوەی گرتەی ڤیدیۆیی ئەو کەسەی بێڕێزی بە پێکهاتەی ئێزدیان دەکات لە دەرەوەی سنووری هەرێمی کوردستان و عێراقە، بەڵام کردارێکە بە تەواوی دوور لە بەها ئایینی و مرۆییەکان.

 

نەبەز ئیسماعیل دووپاتی کردەوە. بەکارهێنانی هەر وشەیەکی نالۆژیکی بەرامبەر هەر پێکهاتەیەک بە توندی ڕەت دەکەنەوە و جەخت لە بەهێزکردنی برایەتی، خۆشەویستی و پێکەوەژیانی هەمەلایەنە لە نێوان سەرجەم ئایین و پێکهاتەکاندا دەکەنەوە.