دوای ڕووداوی هێرشکردنە سەر ئاوارە کوردەکانی سەرێکانی و هەژاندنی شەقامی کوردی، مەزڵووم عەبدی بەڵێنی سزادانی سەرپێچیکارانی دا.
ئەمڕۆ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە پەرەی فەرمی خۆی لە 'ئێکس' بە تووندی سەرکۆنەی ئەو دەستدرێژییەی کرد کە کرایە سەر خێزانە ئاوارە کوردەکان لە کاتی گەڕانەوەیان بۆ سەرێکانی بە هەماهەنگی لەگەڵ دەوڵەتی سووریا.
مەزڵووم عەبدی ئاماژەی بەوە کرد، تێگەیشتنی تەواویان بۆ تووڕەیی شەقامی کوردی هەیە، بەڵام داوای لە هاووڵاتییان دەکات دان بە خۆیاندا بگرن، بەدوای ڕەفتاری ناپرسیارانەدا نەڕۆن و پارێزگاری لە دامەزراوە مەدەنی و ئەمنییەکان بکەن.
فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات دووپاتی کردەوە، لە هەماهەنگیی بەردەوامدان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی ئاوارە گەڕاوەکان و سزادانی هەموو ئەو کەسانەی تێوەگلانیان لە دەستدرێژییەکاندا دەسەلمێت، بەجۆرێک کە مافی سەرجەم لایەنەکان مسۆگەر بکات و سەقامگیریی ناوچەکە بپارێزێت.