دیاردەیەکی دەگمەنی گەردوونی ئاسمانی جیهان دەگرێتەوە، ناسا ئاماژەی بەوە داوە، لە 12ی ئابدا لە کاتی ئاوابوونیدا خۆر دەگیرێت و ڕاستەوخۆ دیاردەکە لە سەرانسەری جیهان پیشان دەدرێت.
ئەمڕۆ ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ئەمریکا (ناسا) لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕوونیکردەوە، ڕۆژی چوارشەممە، 12ی ئابی 2026، دیاردەیەکی دەگمەنی خۆرگیرانی تەواوەتی لە نیوەگۆی باکووری زەوی ڕوو دەدات و ڕاستەوخۆ بۆ بینەرانی لە سەرانسەری جیهان دەگوازرێتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی ناسا، هێڵی سەرەکی خۆرگیرانی تەواوەتی بەسەر ئاسمانی گرینلاند، ئایسلاند، باکووری ڕووسیا، زەریای ئەتڵەسی، ئیسپانیا و بەشێکی بچووکی پۆرتوگالدا تێدەپەڕێت و ئاسمانی ئەو ناوچانە بۆ ماوەیەک تاریک دەکات.
ناسا ئاماژەی بەوەش کردووە، بەشێکی فراوانی دیکەی گۆەی زەوی بینەری خۆرگیرانی بەشەکی (لاوەکی) دەبن، لەوانەش باکووری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا (لە ئالاسکاوە تا نۆرس کارۆلاینا)، زۆربەی بەشەکانی کەنەدا، زۆربەی ناوچەکانی کیشوەری ئەوروپا و باکووری ڕۆژئاوای ئەفریقا.
لەلایەکی دیکەوە، ناسا سەرنجی بۆ دیاردەیەکی دەگمەن ڕاکێشاوە بۆ دانیشتووانی بەشی ڕۆژئاوای ڕێڕەوی خۆرگیرانەکە لە ئەوروپا و ئەفریقا، کە تێیدا خۆر لە کاتی ئاوابوونیدا بە گیراوی دەبینرێت و دیاردەی 'ئاوابوونی خۆری گیراو' دروست دەکات.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەی ئاژانسی ناسا هاتووە، لە کاتژمێر 1:15ی پاشنیوەڕۆ بە کاتی ڕۆژهەڵاتی ئەمریکا لە ڕۆژی 12ی ئاب، پەخشی ڕاستەوخۆی وێنە و گرتە ڤیدیۆییەکانی ئەم دیاردە گەردوونییە دەست پێدەکات.