گوتەبێژی حکومەتی عێراق دەنگۆی دابەشکردنی مووچە لە 40 ڕۆژ جارێکدا بە فەرمی ڕەت دەکاتەوە و ئاماژە بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی نوێ بۆ زیادکردنی داهاتی نەوت دەکات.
ئەمڕۆ حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق ڕایگەیاند، دەنگۆی دابەشکردنی مووچە لە 40 ڕۆژ جارێکدا ڕاست نییە و درۆیە؛ داهاتە نەوتییەکان بەهۆی داخستنی گەرووی هورمزەوە کەم بووەتەوە و بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، ڕێڕەوێکی نوێ لەگەڵ تورکیادا دابین کراوە بۆ گواستنەوەی نەوت و بەرزکردنەوەی داهات.
عەبوودی ڕوونی کردەوە، سەرەڕای ئەم قەیرانە، حکومەت تا ئێستا هیچ قەرزێکی دەرەکیی نەکردووە و هەردوو وەزارەتی دارایی و بانکی ناوەندی چاودێری و لێکۆڵینەوە لەسەر بارودۆخەکە دەکەن بۆ چارەسەرکردنی ئەم قەیرانەی ڕووی لە عێراق کردووە.
سەبارەت بە دۆسیەی گەندەڵی، گوتەبێژی حکومەت ئاشکرای کرد کە پرۆسەی دەستگیرکردن و لێپرسینەوە لەگەڵ گەندەڵکاراندا بەردەوامە و دەسەڵاتی دادوەری و حکومەت لە ئێستاوە دەستیان کردووە بە ناردنی ئاگاداریی یاسایی بۆ ئینتەرپۆل و وڵاتانی دەرەوە بۆ ڕادەستکردنەوەی گەندەڵکارە هەڵاتووەکان.
عەبوودی لەسەر هێرشەکەی سعوودیە و ئەمریکا بۆ سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی هۆشداریشی دا کە حکومەتی عێراق هیچ زانیارییەکی پێشوەختەی نەبووە لەسەر ئەم هێرشانە و وتی: "هەڵوێستی عێراق ڕوونە و نابێتە بەشێک لە هیچ جەنگ و ململانێیەک، هەروەها پشتیوانی لە هەر هاوکارییەکی سیاسی و ئابووری دەکات".
ئاماژەی بەوەش دا کە عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، دووبارە بانگهێشتنامەی فەرمیی لەلایەن سعوودیەوە پێگەیشتووە بۆ ئەوەی سەردانی ئەو وڵاتە بکات، بەڵام تا ئێستا دیاری نەکراوە کە چ کاتێک سەردانەکە ئەنجام دەدات و لە ئێستادا لەگەڵ وەزارەتی دەرەوە خەریکی لێکۆڵینەوەن لەسەر بابەتەکە.
لەکۆتایدا لەسەر گەڕانەوەی هێزی هاوپەیمانان ڕایگەیاند کە هەماهەنگی بەردەوام هەیە لە نێوان فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان و هەرێمی کوردستان بۆ تەواوکردنی هەنگاوەکان و کۆتاییهێنان بە کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە 30ی ئەیلول ئەمساڵ.