ئێوارەی ئەمڕۆ بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە شەڕەچەقۆ ڕووی دا، لە ئەنجامدا ژنێک گیانی لەدەست دا، کەسێکی دیکە بریندار بوو و تۆمەتباری ڕووداوەکەش لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیر کرا.
ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی زاخۆ ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە، نزیکەی کاتژمێر6:00ی ئێوارە لە تاخی شاری زاخۆ، تۆمەتبارێک بە ناوی (ی. خ. م) تەمەن 44 ساڵ، بە چەقۆ هێرشی کردووەتە سەر هاوسەرەکەی بە ناوی (د. ع) تەمەن 36 ساڵ و کوشتوویەتی، هاوکات کەسێکی دیکەشی بە ناوی (ح. ع. م) تەمەن 52 ساڵ بە چەقۆ بریندار کردووە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی زاخۆ، دەستبەجێ تیمەکانی تایبەت بە لێکۆڵینەوەی پۆلیس گەیشتوونەتە شوێنی تاوانەکە و ڕێکارە پێویستەکانیان ئەنجام داوە.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی زاخۆ ڕوونیکردەوە، تۆمەتبار لەلایەن هێزەکانیانەوە دەستگیر کراوە و بە بڕیاری دادوەر، لێکۆڵینەوە لەسەر ڕووداوەکە بەپێی ماددەی (405) لە یاسای سزادانی عێراقی دەست پێ کردوو.
سەبارەت بە هۆکاری کێشەکە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی زاخۆ ئاماژەی بەوە دا، هۆکاری ڕووداوەکە بۆ کێشەیەکی کۆمەڵایەتی دەگەڕێتەوە.