دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی عێراق بە فەرمانی سەرۆکوەزیران، شێوازێکی نوێی چاودێریی پێشوەختە بۆ گرێبەستە حکومییەکان پێش واژۆکردنیان جێبەجێ دەکات.

 

ئەمڕۆ دکتۆر قەیسەر غازی ساعدی، جێگری سەرۆکی دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی عێراق ڕایگەیاند، بەپێی ڕێنماییەکانی عەلی زەیدی، سەرۆکیوەزیرانی عێراق سیستمی چاودێریی پێشوەختە بۆ پشکنینی قۆناغ و ڕێکارەکانی گرێبەستە حکومییەکان پێش واژۆکردنیان پەسەند کراوە.

 

 بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە، لیژنەی چاودێریی دارایی بڕیاری داوە بە پێکهێنانی تیمی پسپۆڕی چاودێری کە پێکدێن لە 7 تیم لە بەغدا و 14 تیم لە پارێزگاکان، هەروەها دیوانەکە بە هەماهەنگی لەگەڵ ناوەندی گۆڕانی دیجیتاڵیی سەر بە نووسینگەی سەرۆکوەزیران، کار لەسەر دروستکردنی پلاتفۆرمێکی ئەلیکترۆنی دەکات بۆ ناردن و وەرگرتنی زانیارییەکانی پێوەست بە گرێبەستەکان بە شێوەیەکی خێرا.

 

پێشتر دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی لە عێراق کارەکانی خۆی لەسەر بنەمای وردبینیکردنی گرێبەستەکان دوای واژۆکردن و چوونە بواری جێبەجێکردنیانەوە ئەنجام دەدا، ئەمەش زۆرجار چارەسەرکردنی سەرپێچییەکانی قورستر دەکرد.