وەزارەتی ناوخۆی عێراق، چارهنووسی چهكی بێ مۆڵهت و داهاتووی گرووپه چهكدارهكانی عێراق ئاشكرا دهكات و هۆشدارییهكی نوێ و خێرایان پێ دهدات.
ئەمڕۆ میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، 71 بارەگای وەهمیی سەر بە حەشدی شەعبی داخراون. دەڵێت: "لەمەودوا هەر درۆنێک بەبێ ڕەزامەندی هەڵبدرێت، وەک کردەوەیەکی تیرۆریستی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت".
لە کۆنگرەکەدا میری ئهوهی خسته ڕوو، بانکی زانیاریی تایبەت بە 6 ملیۆن پارچە چەک دروست دەکرێت. ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە پرۆسەی تۆمارکردنی چەکی بێ مۆڵەت بەردەوامە و تا ئێستا زیاتر لە نیو ملیۆن پارچە چەک تۆمار کراون.
لە درێژەی قسەکانی دا گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ ئاماژهی بهوه دا، ژمارەی مۆڵەتی هەڵگرتنی دەمانچەی دراو بۆ هاووڵاتییان گەیشتووەتە 160 هەزار و 759 مۆڵەت؛ لە کاتێکدا 55 هەزار و 264 پارچە چەک لە وەزارەت و دامەزراوە مەدەنییەکان وەرگیراون و بۆ سەرپەرشتیی وەزارەتی ناوخۆ گواستراونەتەوە.
سەبارەت بە چەکی دزراو و کۆمپانیا تایبەتەکانیش، میری دووپاتی کردەوە کە بەدواداچوون بۆ 143 هەزار و 309 چەکی دزراو، هەروەها بەدواداچوون بۆ چەکی سەر بە 134 کۆمپانیای ئاسایشی تایبەت و دەستبەسەرداگرتنی 21 هەزار و 224 چەک، جگە لە چاودێریکردنی 2 هەزار و 668 چەکی دزراو کراوە.
جگە لەوە، 119 دوکانی کڕین و فرۆشتنی چەک و ئەو دوکانانەی مۆڵەتەکەیان بەسەرچووبوو داخران، هەر لەم قسانەدا ئاماژەی بەوەش دا کە ڕێکەوتی 30ی ئەیلوول وەک مۆڵەتێک بۆ کۆکردنەوە و کۆنترۆڵکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا دیاری کراوە.
هەر لەم چوارچێوەیەدا، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ ڕوونی کردەوە، هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت جەختی لە کۆتاییهێنان بە چەکی دەرەوەی دەستی دەوڵەت کردووەتەوە و هۆشداریی داوە کە هەر چالاکییەک دوای ئەو مۆڵەتە، بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.
لە بەرامبەردا، هەڵوێستی گرووپە چەکدارەکان جیاوازە؛ هەندێکیان ئامادەباشییان بۆ پێدانی چەک بە دەوڵەت نیشان داوە، لە کاتێکدا کۆمەڵەیەکی دیکەیان مەرجیان داناوە و دەڵێن: "چەک دانانێین تا دڵنیا نەبینەوە کە عێراق پارێزراو دەبێت و ڕووبەڕووی هیچ جۆرە هەڕەشەیەک نابێتەوە".