دەستەی گشتیی گومرگی عێراق دەستبەسەرداگرتنی بڕی 100 هەزار دۆلاری لە فڕۆکەخانەی نەجەف ڕاگەیاند کە گەشتیارێک بە نایاسایی هەڵیگرتبوو.

 

ئەمڕۆ دەستەی گشتیی گومرگی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە، لە هۆڵی هاتنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی نەجەف و لە کاتی پشکنینی ورددا، دەست بەسەر ئەو بڕە پارەیەدا گیراوە.

 

به‌پێی ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، گەشتیارەکە بڕی 100 هەزار دۆلاری ئەمریکیی پێ بووە و پێشوەختە لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئاگادار نە کردووەتەوە.

 

گومرگی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، ئەم کارەی گەشتیارەکە بە پێشێلکارییەکی ڕاشکاوانەی یاسا و ڕێنماییەکانی بانکی ناوەندیی عێراق دادەنرێت. ئەم جۆرە چالاکییانە لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قاچاخچێتیی و پاراستنی ئابووریی نیشتمانیی.

 

بەپێی ڕێنماییەکانی بانکی ناوەندیی، هەر گەشتیارێک تەنیا مافی هەیە بڕی 10 هەزار دۆلاری نەختینە لەگەڵ خۆی بباتە دەرەوە. بۆ بڕی زیاتر، دەبێت گەشتیاران پەنا ببەنە بەر کارتە بانکییە ئەلیکترۆنییەکان کە خەرجییەکانیان بە نرخی فەرمیی بۆ هەژمار دەکرێت.