سەرکردەیەکی دیاری چوارچێوەی هەماهەنگی هۆشداری دەداتە گرووپە چەکدارەکانی عێراق و زانیارییه‌كی مه‌ترسیدار له‌باره‌ی گەمارۆی نێودەوڵەتیی بۆ سه‌ر عێراق ئاشكرا ده‌كات.

 

ئەمڕۆ عەبدولحسێن موسەوی، وەزیری تەندروستیی و سەرۆکی هاوپەیمانیی نەهجی نیشتمانیی ڕایگەیاند، دەبێت بە ڕاشکاوی بە گرووپە چەکدارەکان بوترێت عێراق گەمارۆی دەخرێتە سەر.

 

موسەوی ئاماژەی بەوە کردووه‌، پێویستە وەک کۆماری ئیسلامیی ئێران نەبین کە ئێستا شەڕ بۆ هەڵگرتنی گەمارۆکان دەکەن. جەختیشی کردەوە کە دەبێت ڕێگریی لە هەر بارودۆخێک بکرێت کە ببێتە هۆی سەپاندنی سزا بەسەر عێراقدا.

 

سەبارەت بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، ئەو سەرکردەیە گوتی: "زۆرێک لە گرووپەکان داوای چوونە دەرەوەی داگیرکەر دەکەن، لە کاتێکدا ئێستا تەنیا 30 بۆ 60 کەسیان لە تەواوی عێراقدا ماونەتەوە."

 

له‌ كۆتاییدا موسەوی هۆشداریی دا کە کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا بەرنامەی فەرمیی حکومەتە و پەرلەمان دەنگی لەسەر داوە، هەر کەسێکیش نکوڵیی لێ بکات کێشەی تێگەیشتنی هەیە.

 

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە فشارە نێودەوڵەتییەکان بۆ سەر گرووپە چەکدارەکان لە عێراقدا زیادیان کردووە.