سهرۆكوهزیران مەسرور بارزانی له چاوپێكهوتنێكی تایبهتی كهناڵی جهزیره پهرده لهسهر چهندین بابهتی گرنگ و ههستیار لادهبات.
ئەمشەو کەناڵی ئاسمانیی جەزیرە لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا، تیشکی خستە سەر دۆخی ئەمنی و ئابووریی هەرێم و پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەغدا و دراوسێکان. تیایدا سهرۆكوهزیران ئاماژهی بهوه دا، هەرێمی کوردستان هیچ پەیوەندییەکی لەگەڵ ئیسرائیل نییە و ڕێگەش نادەن خاکەکەیان بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بەکار بهێنرێت.
سهرۆكوهزیران مەسرور بارزانی ئاشکرای کرد، ماوەی 10 ساڵە هیچ هێزێکی سەربازیی ئەمریکا لە بنکەی ئاسمانیی هەریر نەماوە. جەختی کردەوە کە ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر ئەو بنکەیە، شوێنێکی چۆڵ دەکەنە ئامانج کە پێشتر تەنیا بۆ شەڕی داعش بەکارهاتووە.
مهسرور بارزانی ئاماژەی بەوە دا، هەرێمی کوردستان ڕێگە نادات خاکەکەی بکرێتە گۆڕەپانێک بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ. ناوبراو گوتی: "داوایان لە حزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران کردووە کە خاکی هەرێمی کوردستان بۆ دژایەتیکردنی ئێران بەکار نەهێنن."
لەبارەی دۆخی ئابوورییەوە، مهسرور بارزانی جیاوازییەکانی پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی دیکەی عێراقی ڕوون کردەوە. ئەو ڕوونیكردهوه کە هەرێم لە دوای ساڵی 1991ـەوە ئاوەدانکردنەوەی دەست پێ کردووە، بەڵام بەغدا لە دوای ساڵی 2003ـەوە دەستی پێ کردووە و ئیدارەیەکی باشی نەبووە.
مەسرور بارزانی دووپاتی کردەوە کە ئامانجیانە پشتبەستن بە تەنیا یەک سەرچاوەی داهات کە نەوتە، کەم بکەنەوە. حکومەتی هەرێم پشتیوانی لە پڕۆژەی تایبەت دەکات بۆ ئەوەی خەڵک لە کەرتی تایبەتدا کار بکات و تورکیاش زۆرترین وەبەرهێنەری لە هەرێمی کوردستاندا هەیە.
سهرۆكوهزیران پشتیوانیی خۆی بۆ هەوڵەکانی حکومەتی فیدراڵ بۆ کۆنتڕۆڵکردنی چەک لە دەرەوەی دەسەڵاتی حکومەت دەربڕی. ئهوهی خسته ڕوو کە زیاتر لە 1000 هێرشی درۆنی و مووشەکی کراوەتە سەر هەرێم کە بێ پاساو بوون و قوربانییان لێ کەوتووەتەوە.
له كۆتاییدا جەختی کردەوە کە کورد پێکهاتەیەکی ڕەسەنی ناوچەکەیە و کەس ناتوانێت نکوڵی لە بوونیان بکات. ئەو پێی وایە ئەگەر دەستووری عێراق و سیستەمی فیدراڵی بە ڕاستی جێبەجێ بکرێن، زۆربەی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر دەبن.
ئەم چاوپێکەوتنە لە کاتێکدایە کە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە دۆخێکی هەستیاری ئەمنی و سیاسییدا تێدەپەڕێت و هەرێمی کوردستان هەوڵ دەدات سەقامگیریی خۆی بپارێزێت.