کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم بە فەرمی هەموو بڕیارەکانی دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندنی عێراقی ڕەت کردەوە و داوای دەستوەردانی بەپەلەی عه‌لی زه‌یدی دەکات.

 

ئەمڕۆ کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا وەڵامی بڕیارەکانی بەغدای دایەوە و سەرسوڕمانی خۆی نیشان دا. جەختی كرده‌وه‌، ئەم ڕێکارانە نایاسایین و تەنیا بە هاندانی ڕەوتێکی سیاسیی دیاریکراو ئەنجام دەدرێن. ئامانج لەم بڕیارانە کۆتاییهێنانە بە تاقە کۆمپانیای نیشتمانیی مۆبایل لە عێراق و زیان گەیاندنە بە ملیۆنان بەشداربوو.

 

کۆڕەک داوا لە عه‌لی فالح زه‌یدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات ڕێگری لەم هەوڵە سیاسییانە بگرێت و مافی کۆمپانیاکە و بەشداربووانی بپارێزێت.

 

ئەمە لە کاتێکدایە کە دەستەی ڕاگەیاندنی عێراق بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی موڵکەکانی کۆمپانیاکەی داوە. ئه‌مه‌ش بەهۆی کۆتاییهاتنی گرێبەستەکەی و پابەندنەبوونی بە مەرجەکان، بڕیاری ڕاگرتنی تەواوەتیی تۆڕەکەی داوە. هەروەها داوا لە بەشداربووان کراوە چیتر باڵانس پڕ نە کەنەوە تاوەکو تووشی زیانی دارایی نەبن.

 

 

ده‌قی ڕاگه‌یه‌ندراو:

 

ڕاگەیەندراوێک لە کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆمەوە

کاتێک دادپەروەری دەکرێتە قوربانیی بەرژەوەندییەکان


بە داخێکی زۆرەوە ئاگاداری ئەو ڕاگەیەندراوە بووین کە لەلایەن دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراقەوە دەرچووە، کە وردەکاریی ئەو ڕێکارانەی لەخۆگرتووە کە دەستەکە نیازی هەیە لە دژی کۆمپانیاکەمان و بەشداربووانمان بیانگرێتەبەر. ئەم ڕاگەیەندراوە مایەی سەرسووڕمانمان نەبوو، چونکە ماوەماوە ڕاهاتووین لەسەر گرتنەبەری ڕێکاری نادادپەروەرانەی یەک بە دوای یەک لەلایەن دەستەکەوە، کە بە هاندانی ئەو ڕەوتە سیاسییەی ڕێبەریی کارگێڕی دەستەکە دەکات، ئەنجام دەدرێن.
خۆشحاڵ بووین بە ڕاگرتنی ئەو ڕێکارانە تەنانەت بۆ ماوەیەکی کاتییش بێت، دوای ئەوەی لیژنەیەکی دادپەروەر بەپێی فەرمانی دیوانی ژمارە (251244) لە 27/5/2025 پێکهێنرا، کە گەیشتە کۆمەڵێک ڕاسپاردە و لەلایەن ڕێزدار سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق پەسەند کران. لەسەر بنەمای ئەو ڕاسپاردانە، ئەنجومەنی کۆمسیاران لە دەستەکەدا بڕیاری خۆی لە 22/9/2025 دەرکرد، کە بریتی بوو لە جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکانی لیژنەی دیوانی و واژۆکردنی گرێبەستێکی سازان لە نێوان ئێمە و دەستەکەدا، بە مەرجێک هاوئاهەنگ بێت لەگەڵ پێدانی مۆڵەتی کارکردنی خزمەتگوزارییەکانی مۆبایل بە تەکنەلۆژیای نەوەی چوارەم (4G) هاوشێوەی دوو کۆمپانیا مۆڵەتپێدراوەکەی دەستەکە.
بەم شێوەیە، گرێبەستی چارەسەرکردنەکە لە 23/9/2025 واژوو کرا، کە مەرجی جێبەجێبوونی ئەوە بوو ئاگادارمان بکەنەوە لە پێدانی مۆڵەتەکە. بەڵام ئەوانەی ئەم دەستکەوتەیان بەدڵ نەبوو، بەربەستێکی کارگێڕییان وەک بیانوو هێنایەوە کە ڕێگری کرد لە تەواوکردنی ڕێکارەکانی واژووکردنی گرێبەستی مۆڵەتەکە. بەمەش بە شێوەیەکی یاسایی جێبەجێکردنی گرێبەستی چارەسەرکردنەکە دواکەوت.
لەو ڕێکەوتەوە تا 2/6/2026، نووسراوەکان لە نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی عێراق ئاڵوگۆڕ دەکران بۆ لابردنی ئەو کۆسپە، بەڵام سووربوونی دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان و ڕەتکردنەوەی جێبەجێکردنی چارەسەرە پێشنیارکراوەکان ڕێگری لێ کرد، تاکو کۆتایی هات بە دەرکردنی بڕیارەکەیان لە 2/6/2026 کە هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی چارەسەرکردنەکەی لەخۆدەگرت، تاکو بتوانن پلانی کۆتاییهێنان بە تاکە کۆمپانیا نیشتمانییەکەی نێوان کۆمپانیاکانی پەیوەندی جێبەجێ بکەن. دەستەکە لە ماوەی تانەدان لە بڕیارەکەیدا نەوەستا لە دووبارەکردنەوەی لێدوانەکانی لە ڕێگەی سەکۆ میدیاییەکانیەوە و ڕاگەیاندنی پلانەکانی دژی کۆمپانیاکەمان، تاوەکو ئەمڕۆش دیسان بە ڕاگەیەندراوەکەی کە خرایە بەردەم ڕای گشتی، تووشی سەرسووڕمانیان کردین.
دەمانەوێت ڕوونی بکەینەوە کە سەرۆکی دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان هیچ دەسەڵاتێکی هەڵوەشاندنەوەی سازانەکەی نییە، چونکە ئەو سازانە لەلایەن دەسەڵاتە باڵاکانەوە پەسەند کراوە، نەک لەخۆوە و بەتەنیا بە بڕیاری دەستەکە بووبێت. ئەو ڕەفتار و نالەبارییانەی کە دژ بە کۆمپانیاکەمان دەگیرێتەبەر، دەمانخاتە ژێر پرسیارەوە کە ئایا دەستەکە ئەوەی لە بەرچاو گرتووە کە ئەم ڕێکارە نادادپەروەرانە و ناپیشەیییانە، کاریگەری لەسەر ناوبانگی عێراق دەبێت لە بەردەم وەبەرهێنەری بیانی لە وڵاتدا؟
سەرەڕای ئەوەی کۆمپانیاکەمان بڕیاری چەسپاوی دادگای هەیە بۆ وەرگرتنی سەدان ملیۆن دۆلار وەک قەرەبوو لەسەر دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان، بەڵام ئێمە لەبەر ڕێز و پێزانینمان بۆ ئەو دەسەڵات و لایەنانەی هەوڵی دادپەروەرییان بۆ داوین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکەمان، جێبەجێکردنی وەرگرتنی قەرەبووەکەمان دواخستووە.
لە کۆتاییدا، ئێمە چاومان لە دەستوەردانی جەنگاوەری دژی گەندەڵی، بەڕێز سەرۆک وەزیران عەلی زەیدی هەیە بۆ دادپەروەربوون لەگەڵ کۆمپانیاکەمان بەرامبەر ئەو زوڵمەی لێی کراوە و لێی دەکرێت. بە پشتبەستن بە دانایی و بوێریی سەرکردایەتیی ژیرانەی وڵات و پێش هەموو شتێکیش دادپەروەریی دادگاکانمان، پەیمان بە بەشداربووانمان دەدەین کە لە هیچ هەوڵێک درێغی ناکەین بۆ بەرگریکردن لە مافەکانیان و سەرخستنی دادپەروەری.
لەگەڵ ڕێزدا..