له درێژه‌ی فراوانبوونی ململانێكانی نێوان تاران و واشنتن تره‌مپ بڕیاری نوێ له‌باره‌ی ئابووری ئێرانه‌وه ده‌دات و ستراتیژی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ وڵاته‌كه ده‌گۆڕێت.
ئه‌مڕۆ ماڵپه‌ڕی ئاكسیۆس لێدوانێكی نوێی دۆناڵد تره‌مپی بڵاو كرده‌وه و تیایدا هاتووه، كه تره‌مپ لە جیاتی فەرماندان به هێرشێکی سەربازیی نوێ، تەرکیزی وڵاتەکەی خستووه‌ته سه‌ر زیادکردنی فشارە ئابوورییەکان بۆ سەر ئێران.
به‌پێی ئاكسیۆس، سه‌رۆكی ئه‌مریكا ئاماژەی بەوە کردووە، ئێستا لە جیاتی هێرشی گەورە، مامەڵەیەکی هێمنانە لەگەڵ تاران دەکەن و چاودێریی دۆخی ئابووریی ئەو وڵاتە دەکەن. جەختی کردووەتەوە کە ئێران لە دۆخێکی ئابووریی زۆر خراپدایە و هەڵاوسانێکی گەورە ئەو وڵاتەی گرتووەتەوە.
تره‌مپ به پشتبه‌ستن به زانیارییه‌كانی ده‌زگای هه‌واڵگری وڵاته‌كه‌ی ده‌ڵێت: "ئێران پارەی پێویستی نییە تەنانەت بۆ دانی مووچەی سەربازەکانیشی، ئەمەش بەهۆی قوڕسیی گەمارۆ دەریایییەکانی ئەمریکا لەسەر ئەو وڵاتە." ئاماژەی بەوەش کردووە کە دابەزینی نرخی نەوت بۆ خوار 75 دۆلار کاریگەریی خراپی لەسەر داهاتی تاران و کاریگەریی ئەرێنی لەسەر بەکاربەرانی ئەمریکی هەبووە.
لە لایەکی ترەوە، ئێران 6 مەرجی قورسی بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز داناوە، لەوانەش کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و پێدانی قەرەبوو و هەڵگرتنی هەموو سزاکان. بەپێی زانیارییە هەواڵگرییەکان، ئێستا لە ناوخۆی دەسەڵاتی ئێران‌دا ناکۆکیی قووڵ لەسەر چۆنییەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم قەیرانە سەری هەڵداوە.
ئەم ململانێیانە دوای هێرشە سەربازییەکانی مانگی شوبات دێن کە تێیدا ئەمریکا چەند پێگەیەکی ئەتۆمیی ئێرانی لەناو برد. واشنتن ئامادەیە ئاگربەستی ئێستا درێژ بکاتەوە ئەگەر بێت و تاران گەرووی هورمز بکاتەوە و کۆنتڕۆڵی تەواو بخاتە سەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی.