دادگای لێکۆڵینەوەی تاوانەکانی گەندەڵی لە بەغدا، هەنگاوێکی نوێی بۆ دەستگیرکردنی بەرپرسانی باڵای پێشوو و ئێستای عێراق بە تۆمەتی گەندەڵی نا, ئەم ڕێکارە یاساییانە لە چوارچێوەی هەڵمەتە بەردەوامەکانی دەسەڵاتی دادوەریی عێراق دێن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵیی دارایی و کارگێڕی.
ئەمڕۆ دادگای لێکۆڵینەوەی تاوانەکانی گەندەڵی لە بەغدا بڵاوی کردەوە، بە تۆمەتی گەندەڵی، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ئەحمەد ئەسەدی، وەزیری پێشووی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەرکردووە، هاوکات هاشم سوودانی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای ئۆتۆمبێل لە وەزارەتی بازرگانیی عێراق دەستگیر کراوە.
ئەحمەد ئەسەدی یەکێکە لە دیارترین کەسایەتییەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی و پێشتر وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و گوتەبێژی حەشدی شەعبی بووە، لە ماوەی ڕابردوودا چەندین پۆستی پەرلەمانی و حکومیی وەرگرتووە.
هاشم محەممەد حاتم سوودانی، ئەندازیاری کارەبایە و یەکێک بووە لە بەڕێوەبەرە دیارەکانی وەزارەتی بازرگانیی عێراق. ئەو لە ماوەی ڕابردوودا وەک بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گشتیی بازرگانیی ئۆتۆمبێل و ئامێرەکان کاری کردووە، هەروەها بەرپرسی گرێبەست و هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل و ئامێرە حکومییەکان بووە.
عێراق لەسەر ئاستی جیهانی وەک یەکێک لەو وڵاتانە پۆلێن دەکرێت کە ڕێژەی گەندەڵی تێیدا بەرزە، لەبەر ئەوە دەسەڵاتی دادوەری لە ڕێگەی دەستەی دەستپاکییەوە هەوڵەکانی بۆ کەمکردنەوەی زیانە داراییەکانی دەوڵەت چڕتر کردووەتەوە.