دوای مردنی ڕێبەری باڵای ئێران و شوێنگرتنەوەی لەلایەن کوڕەکەیەوە، بەپێی نوێترین زانیارییەکان، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر قۆناغی داهاتووی جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا، لەگەڵ سەرۆککۆماری ئێران کۆبووەتەوە.


ئەمڕۆ ماڵپەڕی فەرمیی ڕێبەری باڵای ئێران بڵاوی کردەوە، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە سەرەتای سێیەمین ساڵی دەستبەکاربوونیدا، لەگەڵ موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران کۆبووەتەوە و گفتوگۆیان لەسەر پەرەسەندنە سەربازی و ئابوورییەکان کردووە.


بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕەکە، لە دیدارەکەدا هەردوولا بە وردی باسیان لە بارودۆخی گوزەرانیی وڵات، کێشەکان و دەرەنجامەکانی ئەو شەڕە کرد؛ هەروەها تاوتوێی پێشهات، هەلومەرج و قۆناغی داهاتووی جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکایان کرد.


ئەم دیدارە لە کاتێکدا دێت، دەنگۆی ئەوە بڵاو کرابووەوە کە پزیشکیان 28 جار داوای دەستلەکارکێشانەوەی کردووە و بۆ ئەم مەبەستەش داوای بینینی ڕێبەری باڵای ئێرانی دەکرد، بەهۆی ئەوەی بڕیاردان لە ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی وڵات لە دەستی کابینەی حکومەتەکەی ئەو نەماوە.


پێشتریش لە ڕاپۆرتێکی "ئێران ئینتەرناشناڵ"دا هاتبوو کە پزیشکیان بۆ چاوپێکەوتنێکی نهێنی لە شوێنێکی نادیاری تاراندا بۆ لای موجتەبا خامنەیی براوە، کۆبوونەوەکەش لە ژێر ڕێوشوێنێکی ئەمنی هێندە تونددا ئەنجام دراوە، کە پزیشکیان نەیتوانیوە دڵنیا بێتەوە لەوەی ئەو کەسەی قسەی لەگەڵ دەکات بەڕاستی موجتەبا خامنەییە یان نا.