بەهۆی نزیکبوونەوەی زریانی دۆلفین لە کەناراوە ڕۆژهەڵاتییەکانی چین، فڕۆکەخانەکانی ناوچەکە زۆربەی گەشتە ئاسمانییەکانیان هەڵوەشاندەوە و دەسەڵاتداران هۆشدارییان لە بارانی بەخوڕ، لافاو و ڕووخانی زەوی داوە.
ئەمڕۆ فڕۆکەخانەی شانگهای لە وڵاتی چین ڕایگەیاند، دوای ئەوەی زریانی دۆلفین باکووری تایوانی گرتەوە و بارانێکی بەخوڕ باری زیاتر لە 1300 گەشتی ئاسمانی هەڵوەشێندرانەوە و نزیکەی 300 هاووڵاتیی ناوچە کەناراوییەکانیش لە شوێنەکانی خۆیان گوازرانەوە، وەک ئامادەباشییەک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی زریانکە.
بەپێی زانیارییەکانی کەشناسیی چین، زۆرترین خێرایی بای بەردەوامی زریانەکە ئەمڕۆ بە 162 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا مەزەندە کراوە، زریانەکە بە هێنانی بارانێکی بەخوڕ، مەترسیی لافاو و ڕووخانی زەوی دروست دەکات و پێشبینی دەکرێت درەنگانی ئەمڕۆ پارێزگای ژێجیانگ و بەشەکانی باکووری پارێزگای فوجیانی دراوسێ بگرێتەوە.
گرنگترین مەترسییەکانی زریانەکە تەنها با نییە، شارەزایانی کەشناسی هۆشداری دەدەن لە بارانێکی زۆر بەخوڕ کە لە هەندێک ناوچەدا دەکرێت بگاتە 250 تا 500 ملیمەتر، ئەمەش مەترسیی لافاو، ڕووخانی زەوی و هەڵکشانی ئاو لە ڕووبارەکاندا زیاد دەکات، بەتایبەتی لە پارێزگای ژێجیانگ.
زریانی دۆلفین لە کۆتایی مانگی تەممووزی 2026 لە ناوچەی ڕۆژاوای ئۆقیانووسی ئارام پێکهات و خێرا بەهێز بوو، لە سەرەتادا لە دەریای فیلیپینەوە بەرەو باکوور و ڕۆژاوا جووڵا و لە ڕۆژانی ڕابردوودا کاریگەری لەسەر دوورگەکانی ئۆکیناوا لە ژاپۆن هەبوو، کە بووە هۆی برینداربوونی هەندێک کەس و پچڕانی کارەبا لە هەزاران باڵەخانە.
ژێجیانگ و فوجیان لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار تووشی زریانی بەهێز بوون، زۆرجار بارانی بەخوڕ زیانێکی گەورەی ئابووری و کۆمەڵایەتیی لێکەوتووەتەوە، بۆیە وڵاتی چین پێش گەیشتنی زریانەکان، زوو خەڵک و کەشتییەکان دەگوازێتەوە و هۆشدارییە بەرزەکان دەردەکات بۆ کەمکردنەوەی زیانەکان.