بەمەبەستی جێبەجێکردنی یاسا و سەپاندنی شەفافییەت، دەستەی دەستپاکیی فیدراڵیی عێراق ئامارەکانی کار و چالاکیی مانگی تەممووزی ئاشکرا کرد.

ئەمڕۆ دەستەی دەستپاکیی فیدراڵیی عێراق، ئامارەکانی کار و چالاکییەکانی مانگی تەممووزی ئەمساڵی بڵاو کردەوە، تێیدا 193 ئۆپەراسیۆن ئەنجام دراون، 75 تۆمەتبار لە کاتی ئەنجامدانی تاواندا دەستگیر کراون، لە کاتێکدا ژمارەی فەرمانەکانی دەستگیرکردن و بانگهێشتکردنی دادوەری بۆ ئەوانەی پلەی تایبەتیان هەیە، گەیشتووەتە 26 فەرمان.

بەپێی ئامارەکانی مانگی تەممووز، 36 کەس سزای دادوەرییان بۆ دەرچووە و 40 تۆمەتباریش بە بڕیارەکانی دادگا سزا دراون، هاوکات 57 دۆسیەی پارە دزین و گەندەڵی، لەگەڵ 6,984 فۆڕمی ئەستۆپاکی لە سەروەت و سامان تۆمار کراون، لەم ژمارەیەشدا تەنیا 6 کەس کێشەیان هەبووە.

هەر لەو ئامارەدا هاتووە کە ژمارەی سەردانەکان بۆ چاودێریکردنی ئاستی کارکردنی دامەزراوەکان گەیشتووەتە 71 سەردان، ڕاپۆرتەکانی تایبەت بە کێشەکانی کار، بەربەستەکان، دیاردە نەرێنییەکان و بەدواداچوون بۆ چارەسەرکردنیان 11 حاڵەت بووە، جگە لە 3 بڵاوکراوەی کاغەزی و ئەڵقەی تەلەڤیزیۆنی و ڕادیۆیی، لەگەڵ ئەنجامدانی 170 وۆرکشۆپ و سیمینار.

حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق لە چاوپێککەوتنێکدا ئاشکرای کرد، لە ئۆپەراسیۆنەکانی ئەم دواییەی دژی گەندەڵی،  206 ملیار دینار، 141 ملیۆن دۆلار و 500  کیلۆ زێڕ داهات بۆ ناو خەزێنەی دەوڵەت گەڕێندراوەتەوە، لێکۆڵینەوەکانیش لە دۆسییەکانی گەندەڵی بەردەوام دەبن.

دەستەی دەستپاکیی فیدراڵیی عێراق، لەگەڵ دەستبەکاربوونی عەلی زەیدی وەک سەرۆکوەزیرانی عێراق، کار و چالاکییەکانی زیاتر بوون، بەتایبەتی لە چوارچێوەی دەستگیرکردنی گەندەڵکاراندا کە بە فەرمانی ڕاستەوخۆی زەیدی لە 28ی حوزەیراندا، ئۆپەراسیۆنی 'بەرەبەیان' بۆ دەستگیرکردنی گەندەڵکاران دەستی پێکرد.