لە چوارچێوەی نوێترین زانیارییەکان دەربارەی تەندروستیی سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا، کوڕەکەی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤیزیۆنیدا نوێترین زانیاری لەبارەی تەندروستی باوکی ئاشکرا کرد.
ئەمڕۆ ئاژانسی فرانس پرێس بڵاوی کردەوە، هەنتەر بایدن، کوڕی جۆ بایدن، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤیزیۆنیدا ڕایگەیاند، باوکی سەرەڕای وەرگرتنی چارەسەر، نەخۆشیی شێرپەنجە بەتەواوی لە جەستەیدا بڵاوبووەتەوە.
هەنتەر لە چاوپێکەوتنەکەدا گوتی: "ئەمە زۆر ئازاربەخشە و لە زۆر ڕووەوە زۆر ماندووکەرە، بەڵام هێشتا باوکم بەهێزە، ئەو هەر بەردەوامە لە کارەکانی و باوەڕێکی بەهێزی بەم وڵاتە هەیە"؛ لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "بەڕاستی بینینی ئەم دیمەنانە ئەستەم و ناخهەژێنە."
جۆ بایدن، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا دوای 4 مانگ لە جێهێشتنی پۆستەکەی، لە 18ی ئایاری 2025دا ئاشکرای کرد، تووشی جۆرێکی تووندی شێرپەنجەی پڕۆستات بووە، بەگوێرەی پزیشکەکان، هەرچەندە نەخۆشییەکە گەیشتووەتە ئێسقانەکانی، بەڵام هێشتا وەڵامێکی باشی بۆ چارەسەری هۆرمۆنیی هەیە و هیوای کۆنترۆڵکردنی هەیە.
بایدن لە تەمەنی 81 ساڵیدا بۆ جاری دووەم خۆی بۆ پۆستی سەرۆکی ئەمریکا کاندید کرد، بەڵام دوای ئەوەی لە دیبەیتێکی تەلەڤیزیۆنیی ڕاستەوخۆدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئێستای ئەمریکا شکستی هێنا، فشارێکی زۆری لێ کرا لەلایەن ناوخۆی پارتی دیموکراتەکانەوە، بۆیە لە پێشبڕکێی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا پاشەکشەی کرد.