نەتەوە یەکگرتووەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ، بەرنامەیەکی نوێی بۆ هاندانی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی پەنابەرانی سووری لە لوبنانەوە بۆ وڵاتی خۆیان ڕاگەیاند.
ئەمڕۆ کۆمیسیۆنی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران لە لوبنان ڕایگەیاند، هاوکاریی دارایی کە بڕەکەی 100 دۆلاری ئەمریکییە بۆ هەر ئەندامێکی خێزان وەک بەخشینێکی یەکجارە دەبەخشرێتە ئەو سوورییانەی کە دەگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان، لەگەڵ ئەگەری پێدانی 300 دۆلاری زیادە بۆ هەر خێزانێکی شایستە.
ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە گواستنەوەی بێبەرامبەر و گواستنەوەی کەلوپەل تاوەکو قەبارەی 8 مەتری سێجا بۆ گەڕاوەکان دابین دەکرێت، بەڵام هۆشداریش دەدات کە ئەگەری دواکەوتن یان هەڵوەشاندنەوەی گەشتەکان بەهۆی دۆخی ئەمنییەوە هەیە و پێویستە پێش وەرگرتنی پشتڕاستکردنەوە خەڵک ماڵ و موڵکی خۆیان نەفرۆشن.
لوبنان یەکێکە لەو وڵاتانەی جیهان کە زۆرترین پەنابەری تێدایە بە بەراورد بە ژمارەی دانیشتووانی، دوای دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆی سووریا لە ساڵی 2011، نزیکەی 1 بۆ 1.5 ملیۆن سووری چوونە لوبنان، ئەمەش بارێکی گەورەی خستووەتە سەر ئابووری، کار، کارەبا و خزمەتگوزارییە گشتییەکانی لوبنان.
لە چەند ساڵی ڕابردوودا، بەتایبەتی دوای قەیرانی ئابووریی لوبنان، داواکارییەکان بۆ گەڕاندنەوەی پەنابەرانی سووری زیاد بووە، بەڵام ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان هێشتا هۆشداری دەدەن کە هەندێک ناوچەی سووریا بۆ گەڕانەوەی بەسەلامەتی گونجاو نین.