دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی کۆچی دوایی باوکی لیۆنێل مێسی، کەمێک پێش ئێستا میدیاکانی ئارجێنتینا هەواڵەکەیان پشتڕاستکردە و دروستی هەواڵی کۆچی دوایی باوکی مێسییان ئاشکرا کرد.
کەمێک پێش ئێستا، میدیاکانی ئارجێنتینا بڵاویان کردەوە کە خۆرخی مێسی، باوک و بەڕێوەبەری کارەکانی لیۆنێل مێسی، یاریزانی بەناوبانگی ئارجێنتینی لە تەمەنی 68 ساڵیدا، ڕۆژی هەینی (7ی ئاب) بەهۆی نەخۆشییەوە لە نۆرینگەیەکی پزیشکی لە شاری ڕۆساریۆ کۆچی دوایی کرد.
لە مانگی حوزەیرانی 2026دا، خێزانی مێسی بە فەرمی ڕایانگەیاند کە خۆرخی مێسی تووشی کێشەی تەندروستی بووە و لەژێر چاودێریی پزیشکی و چارەسەر دایە، بەڵام جۆری نەخۆشییەکە ئاشکرا نەکرا؛ ئەو کاتە خێزانەکەی داوایان لە میدیاکان کرد لایەنی مرۆیی ڕەچاو بکەن و لە بڵاوکردنەوەی گومان و هەواڵی پشتڕاستنەکراو خۆیان بپارێزن.
خۆرخی هۆراسیۆ مێسی، لە ساڵی 1958دا لە ئارجێنتینا لەدایک بوو، باوک و بەرێوەبەری کارەکانی لیۆنێل مێسی بووە، ئەو لە سەرەتای کاروانی وەرزشیی کوڕەکەی پشکی شێری هەبوو و بە یەکێک لە پاڵەوانانی ژیانی لیۆ دادەنرێت.
لیۆنێل مێسی پێشتر لە باسی باوکی دا گوتوویەتی؛ "باوکم بەیانیان کاتژمێر 6:00 دەرۆیشتە سەر کار، کاتژمێر 9:00ی شەو دەگەڕایەوە، هەموو ئامانجی دابینکردنی بژێوی ژیانی ئێمە بوو، بۆیە ئێمە کەم یەکمان دەبینی و کاتێک دەرفەت هەبا، هەمیشە کاتەکانم لەگەڵ ئەو بەسەر دەبرد."