سەرۆکوەزیرانی عێراق لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆکی فەرەنسا گفتوگۆی لەسەر چەندین بابەتی گرنگ کرد و وادەی ڕۆیشتنی هێزەکانی هاوپەیمانانی ئاشکرا کرد.

 

ئەمڕۆ نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند کە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، گفتوگۆیان لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات کرد و زەیدی بە شێوەیەکی فەرمی ماکرۆنی بۆ بەغدا بانگێشت کردووە.

 

هەر لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا، زەیدی بە ماکرۆنی ڕاگەیاند کە عێراق سوورە لەسەر دروستکردنی پەیوەندییەکی بەهێز لەگەڵ سەرجەم وڵاتەکان، ناوبراو جەختیشی لەوە کرد کە 30ی ئەیلولی ئەمساڵ دوا وادەیە بۆ کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق، کە ئەمەش بوارێکی فراوانتر بۆ عێراق دەکاتەوە تا هەوڵەکانی لەسەر بیناسازی، گەشەپێدان، پەرەپێدانی گەشەی ئابووریی و بەدیهێنانی خۆشگوزەرانی بۆ گەلی عێراق چڕ بکاتەوە.

 

لە لای خۆیەوە، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا پێزانینی خۆی بۆ هەنگاوەکانی حکومەتی عێراق دەربڕی و جەختی لەسەر پاڵپشتیی فەرەنسا بۆ هەوڵەکانی عێراق لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و جێبەجێکردنی چاکسازییە ئابوورییەکان کردەوە، هەروەها بەردەوامبوونی فەرەنسا لە پاڵپشتیکردنی عێراق لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و بەهێزکردنی تواناکانی هێزە چەکدارەکانی عێراق دووپات کردەوە.

 

لە ئەیلوولی 2024، عێراق و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش ڕێککەوتن لەسەر کۆتاییهاتنی ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانان لە عێراق، کە بەپێی ئەوە هێزەکان تا کۆتایی ساڵی 2026 بە شێوەیەکی پلەبەپلە دەکشێنەوە و ئەرکەکەیان بۆ هاوکاری و ڕاهێنان دەگۆڕدرێت.

 

هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش لە ساڵی 2014 بە داوای حکومەتی عێراق هاتنە ناو وڵاتەکەوە، دوای ئەوەی داعش بەشێکی فراوانی عێراقی داگیر کرد، ئەم هێزانە بە هێرشی ئاسمانی، ڕاهێنان و پشتیوانیی هەواڵگری یارمەتیی عێراقیان دا لە شەڕی دژ بە داعش، کە لە ساڵی 2017 سەرکەوتنی بەسەر داعشدا ڕاگەیەندرا، دوای ئەوەش ئەرکیان بۆ ڕاوێژکاری و ڕاهێنان گۆڕا.